ئەنجوومەنی وەزیران چاوەڕوانە لە زووترین کات دا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە
پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران چاوەڕوانە لە زووترین کات دا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە
چوارشەممە 19ی شوباتی 2025، بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە ڕووداوی دەستدرێژیکردن و ڕێگریکردن لە جووتیارانی ڕەسەنی کورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگەی کەرکووک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم ڕەفتارە، کارێکی نادەستووری و نایاساییە و قبووڵکراو نییە . ئێمە دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکین بەرامبەر جووتیاران کە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن و دەبێت ئازادانە مافی کێڵان و سوود وەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت.
سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی بۆ مافە ڕەواکانی جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەویانە دووپات کردەوە و جەختیش کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2025 کە ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس وگەڕانەوەی زەوی بۆ جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانە پەسەندی کرد، ئیتر کۆتایی بە هەموو بەربەست و ئاستەنگێک بهێندرێت تا جووتیاران سوود لە زەوییەکانیان وەربگرن کە یاسا بۆی گەڕاندونەتەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، سەرۆک وەزیران پوختەیەکی دەربارەی بەشداری شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و بەشداری جێگری سەرۆک وەزیران لە لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی لە ڕۆژانی 11-13ی ئەم مانگە و دیدار و کۆبوونەوەکان و نوێکردنەوەی یادداشتی لەیەک تێگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئیمارات بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو حکوومەت لە کەرتە جیاوازەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە پێشکەش کرد.
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە پێی تایبەتمەندی خۆیان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم یادداشتی لەیەک تێگەیشتنەکە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەند و پێشکەوتووی دامەزراوەکانی ئیمارات لە سێکتەرە جیاجیاکانی حکوومەتی هەرێم.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە ڕێکخستنی ڕێکارەکانی کوالیتی کۆنتڕۆڵ و پۆلین کردنی بەڵێندەران لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم خرایەڕوو کە بۆ ئەم مەبەستە میوانداری کرابوون و لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، پێشڤەچوون و بەربەستەکانیان ڕوونکردەوە.
ئەنجومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، جەختی کردەوە لەسەر بایەخی هاوئاهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری ، ئەویش لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەردوولا، بە جۆرێک بەڵگەنامەکانی پشکنین و کۆنتڕۆڵی جۆری کەرەستە و کەلوپەلەکان لای هەردوولا، وەک یەک بەرکاربن و پشتیان پێ ببەسترێت و برەو بە پەیوەندی بەردەوام وهاوئاهەنگی لە نێوان دەستەی پێوانەسازی وکۆنتڕۆڵی جۆری هەرێم و فیدڕاڵ بدرێت لە پێناوی گۆڕینەوەی زانیاری و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاست ودروستی بەڵگەنامە و بڕوانامەکانی پشکنینی هەردوو لا بۆ بەرهەمەکانی هاوردە و بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم و عێراق، بە ئاراستەی نەهێشتنی ئاستەنگەکانی گەیاندنی بەرهەم و کاڵاکانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەمەش دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و دروستیان و هەروەها سوودمەندبوونی هەرێم لە بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە هەمان مامەڵە و ڕێکاری هاوشێوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەکانی پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی و ناوخۆی ڕاسپارد، کە بەردەوام بن لە پەیوەندی و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لیژنەی هاوتایان لە حکومەتی فیدڕاڵ و بەگەڕخستنی گشت هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر و میکانیزمی هاوبەش.
لە بڕگەی کۆتایی دا، ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایە ڕوو کە لە هەولێر سازکرا و تایبەت بوو بە ڕێکار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵ دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ پێشوازی و پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لەوەش کردەوە کە هەرێم داوا دەکات هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە و ئەمەش، لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانە، چوونکە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتی عێراق گەیشتووە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی ڕاسپارد، کە هەرچی زووە لەسەر ڕێکار و میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە هاوکاری و هاوئاهەنگی بەردەوام بن، بە تایبەتیش کە ئێستا یاساکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ڕێگری یاسایی لەبەردەم پرۆسەکە نەماوە و یاساکە نەخشەڕێگەی بابەتەکەی بە ڕوونی دەستنیشان کردووە.
19 شوبات 2025
ئەم بابەتە 42 جار خوێندراوەتەوە