ئەنجوومەنی وەزیران یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاری لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵی پەسەند کرد

پەیامی کورد   ...   ئەنجوومەنی وەزیران یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاری لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵی پەسەند کرد

چوارشەممە 4ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران لە ووتەیەکدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد وەک، بە گرێبەست کردنی وانەبێژان، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە وانەبێژان کرد کە بڕیاردرا لە سەر داهاتی ناوخۆ بکرێنە گرێبەست و هیوای خواست ئەم بڕیارە مایەی ڕەزامەندی مامۆستایانی وانەبێژ بێت و ببێتە هۆی زیاتر هاندانیان بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها پیرۆزبایی لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەنگی لەسەردرا و پەسەند کرا ، لە سەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵیش دواجار توانرا بگەینە ڕێککەوتن و لەم مانگەوە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی حکوومەتی فیدراڵ وەرگرت. ووتیشی خانەنشینان دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە پاڵپشتی داوا و داخوازییە ڕەواکانیان دەبین و ئەم بەشە ماندووەی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گشتی تەرخان کرد شایانی هەموو پشتیوانییەکن.

لە کۆتایی ووتەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد کە بڕیارە لەم مانگەدا دەست پێ بکات، لەم ڕووەوە سەرۆک وەزیران ووتی بێگومان لایەنە سیاسیەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو وڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێ دەکەم کە بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن ، چوونکە هەموومان کوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین.

لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاری لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەشنووسی بڕیارەکەی وەک خۆی پەسەند کرد لە پێناو یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستمی دارایی و ژمێریاری لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی دەستووری هەرێم و دەسەڵاتەکانی کە لەناو دەستووری عێراق جێگیرکراون، وەک ئاشکراشە لە دوای ساڵی 2014 ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم، دابڕانێکی تەواو ڕوویدا لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ کە بووە هۆی پەیڕەوکردنی دوو سیستمی دارایی و ژمێریاری جیاواز لە لایەن وەزارەتی دارایی هەردوولا، بۆیە لە قۆناغی نوێی ئێستای پەیوەندی هەردوو حکوومەت، ئەم هەنگاوە گرینگە و ڕۆڵی دەبێت لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی دارایی و ژمێریاری هەردوولا و چارەسەرکردنی زۆربەی سەرنج و تێبینیەکانی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لەسەر داهات و خەرجی و میلاکی حکوومەتی هەرێم و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق کە ئەمەش لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمە کە بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی دەستی پێکرد.

پاشان لە بڕگەی دووەمدا ، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆتایی حەفتەی ڕابوردوو لە بەغدا، هەروەها ئەنجامی دوایین کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو کە پوختەی ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینیە تەکنیکیەکان و هەنگاوی جدیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بوو کە لە ماوەی پێشوو ڕێکاری پێویستیان وەرگرتووە سەبارەت بە ڕاسپاردە و سەرنجەکانی ووردبینی هاوبەش و پێداچوونەوەی داهات و خەرجی ومیلاک و لیستەکانی مووچە، بەجۆرێک بەهانە و بیانووی تەکنیکی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەمێنێت بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی هەرێم، هەروەها بڕی ئەو پارانەش خرانەڕوو کەوەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەممووز و ئاب خەرجی کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردوولا و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتری و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەموو مووچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی مووچە . لەبەرامبەریشدا پێویستە لە سەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەواوکاریی مووچەی مانگی تەمموز و ئابی 2024 بە پەلە ڕەوانە بکەن تاوەکوو حکومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئابن.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەتیی ئەنجومەنی ئابووریی وەزاریی فیدراڵ كرد کە وا بڕیارە لەم ڕۆژانەدا لە هەولێر تایبەت بە دۆسێیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وەزارەتەکانی هەردوولا ئەنجام بدرێت، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پێشوازی گەرمی لە سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە هەولێر، لە هەمان کاتدا حکوومەتی هەرێم ئەم کۆبوونەوەیە بە دەرفەتێکی پڕ بایەخ دەزانێت تا لە نزیکەوە ڕووبەڕوو وەزیرانی پەیوەندیداری لە هەردوو حکوومەتی هەرێم وفیدڕاڵ گفتوگۆی جیددی لەسەر دۆسێیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لا بکرێت کە تائێستا چارەسەر نەکراون لە گشت بوار و کەرتەکاندا.

ئەنجوومەنی وەزیران سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکاریی پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا و سکرتارییەتی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی ئابووری، هەروەها وەزیرە بەڕێزەکانیش ڕاسپێردران بە پێی تایبەتمەندییان، پێویستە دۆسیەی خۆیان ئامادە بکەن لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیار و ڕاسپاردەی هاوسەنگ و پێویست بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە جێگیرکراوەکانی هاتوو لە دەستووری عێراق لە پێناوی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی نێوان هەردوو حکوومەت لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

 

04 ئەیلوول 2024


ئەم بابەتە 79958 جار خوێندراوەتەوە