ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ هێرش بکات، هێرش دەکرێتە سەر خاکەکەی

پەیامی کورد    ...   ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ هێرش بکات، هێرش دەکرێتە سەر خاکەکەی

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاردانەوە بە قسەکانی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ لە خاکی خۆیەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، هێرش بۆ سەر خاکی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.

ئیسرائیل کاتز کاتژمێرێک پاش قسەکانی خامنەیی لە پەیامێکدا بە زمانی فارسی لە هەژماری ئیکس ی خۆیدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی خامنەیی نووسی : ئەگەر ئێران لە خاکی خۆیەوە هێرش بکات، کاردانەوەی ئیسرائیل هێرشکردنە سەر خاکی ئێران دەبێت.

کاتژمێرێک پێش ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، عەلی خامنەیی لە ووتارەکەی بۆ جەژنی ڕەمەزان لە تاران بۆ جارێکی تر هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند کە هێرش بۆ سەر کونسوولخانە بە مانای هێرش بۆ سەر خاکی ووڵاتێکە و بە ووتەی خۆی ئیسرائیل دەبێت "تەمێ" بکرێت.

پاش کوژرانی فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیل ەوە لە دیمەشق، عەلی خامنەیی لە پەیامێکدا بۆ بنەماڵەی کوژراوەکانی هێرشەکە، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل کردبوو.


ئەم بابەتە 84065 جار خوێندراوەتەوە