بابان : کۆمەڵێک پرس لە ئەجێندای سەردانەکەی مەسروور بارزانی دا بوون

پەیامی کورد   ...   بابان : کۆمەڵێک پرس لە ئەجێندای سەردانەکەی مەسروور بارزانی دا بوون

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی لووتکەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تورکیا ھەبوو، مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، گۆڕانکارییەکان خێران و لای تورکیا ھەرێمی کوردستان گرینگە و مەبەستیەتی پەیوەندییەکان لە پرسی ئابووری، سیاسی، ئاسایش، ڕۆژئاوای کوردستان و پرسی کورد لە تورکیا، زیاتر پەرە پێبدەن.

ئاشنا بابان، مامۆستای زانکۆ، ڕایگەیاند: "سەردانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بۆ تورکیا، گرینگی خۆی ھەیە لەم تەوقیتەدا، ئێمە دراوسێی تورکیاین و ئەو ووڵاتە کاریگەری ھەیە لەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکە، پرسی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوور بابەتێکی گەرمی ڕووداوەکانە، بۆیە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو ووڵاتە سەبارەت بە پرسە سیاسی و ئابوورییەکان، زۆر گرینگە".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "تورکیا خۆی گرینگی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان دەدات، بەتایبەت لە پرسی سیاسی و ئابووری و ئاسایش، سەرۆکوەزیرانیش کۆمەڵێک پرس لە ئەجێندای سەردانەکەیدا بوون".

ناوبراو ھەروەھا دەڵێ: "یەکڕیزی بۆ ئێمەی کورد گرینگە و دەتوانین سەرکەوتوو بین، بە تایبەت لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا، کە دەکرێ کاری لەسەر بکەین و بێگومان دەرئەنجامی باشیشی دەبێت بۆمان، ئەویش بە پلان و سیاسەت دەکرێت، دەمانەوێت پەیوەندی درووست بکەین و ئێستاش کاتی ئاڵتوونییە نابێت لە دەستی بدەین، بێگومان یەکگرتوویی ناوخۆش، ھێزمان پێدەدات لە دەرەوە".

"لە سەردانی وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و ئاڵمانیا بۆ دیمەشق، جەختیان لە پێدانی ماف و ئاسایش بۆ کورد کردەوە، لەو ڕوانگەیەشەوە تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد چاک بکاتەوە، ئەوەش لە ڕێگای ھەرێمی کوردستانەوە، چوونکە ھەرێمی کوردستان ھاوسەنگی ھێزی ھەیە لە ناوچەکەدا، بۆیە تورکیا ھەرێمی کوردستانی لا مەبەستە". ئاشنا بابان وای ووت.


ئەم بابەتە 124 جار خوێندراوەتەوە