بابەکر زێباری زانیاری نوێ سەبارەت بە یەکخستنی ھێزه‌كانی پێشمەرگە دەخاتەڕوو

پەیامی کورد   ...    بابەکر زێباری زانیاری نوێ سەبارەت بە یەکخستنی ھێزه‌كانی پێشمەرگە دەخاتەڕوو

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ساڵی ڕابردوو ھەنگاوی زۆر باش بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە نراوە و بۆ ئەمساڵیش ھەنگاوی زیاتری کرداری دەنرێت، هاوکات دەشڵێ، حکوومەت زۆر جیددیە و کارەکانیش بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بەڕێوەدەچن و ھاوپەیمانانیش زۆر ھاوکار و پاڵپشتن.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، "لە لێدوانێکی تایبه‌تدا ڕایدەگەێنێت :  "لە ساڵی ٢٠٢٤دا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاکسازی و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە ھەنگاوی زۆر باشی ناوە و ھێزەکانی فەرماندەیی ھەمووی کراونەتە لیوا و فەوج و خراونەتە ناو فیرقە و دابەشی سەر ناوچەکان کراون و شوێنی خۆیان گرتووە، هەروەها ئەوانەی ماویشن لەم ساڵدا کاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێت و ھێزی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی پێشمەرگە بێت، چوونکە بەپێی ئەو سیستەمەی دانراوە زۆر باش کاری لەسەر دەکرێت و کۆمەڵێک فیرقە درووستکراون و ئێستا بەشێک لە فیرقەکان ئەرکی خۆشیان جێبەجێ دەکەن.

لەبارەی میحوەرەکانی پێشمەرگەش، بابەکر زێباری دەڵێت، "ئەو میحوەرانە دەمێنن و بەردەوام دەبن تاوەکوو کاری دروستکردنی فیرقەکان تەواو دەبێت و ئەوکات چاوەڕێ دەکرێت فیرقەکان شوێنی میحوەرەکان بگرنەوە و دواتر بڕیاری کۆتایی لێبدرێت، بەڵام ئەوە پڕۆسەیەکی وردە و کاتی پێویستە و ئاسان نیە و من پێشتریش باسم کردووە تەواوکردنی ئەو پڕۆسەیە کاتی پێویستە و پێنچ ساڵ دەخاینێت، بۆیە ئەمساڵ تەواو نابێت و کاتی زیاتری پێویستە، بەڵام لەمساڵدا چەند فیرقەیەکی تازە دروست دەکرێت، کە لە دھۆک دوو فیرقە و لەگەڵ فیرقەی سپیلک، بۆیە ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێن و بەپێی ڕێژە دەکرێنە فیرقە.

زێباری ڕوونیشی کردەوە، "ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەکات ھاوپەیمانان فشاریان کردووە پێویستە لەم ساڵدا تا کۆتایی ساڵ ھەموو ھێزی پێشمەرگە یەک بخرێن ڕاست نیەو قسەی لەو شێوەیان نەکردووە، چوونکە کاتی خۆی ئەوان لەگەڵ من باسی ئەو پڕۆسەیان کردووە من پێم وتن سێ ساڵی پێویستە ئەوان خۆیان باسیان لەوە دەکرد پێنچ ساڵی پێویستە، چوونکە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان کاتی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی ھێزەکان بەتەواوی یەکبخرێن، هاوکات ئەوەی گرینگە یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە زۆر بەجیددی کاری لەسەر دەکرێت و بەپێی بەرنامەی دانراوە کارەکان بەڕێوەدەچن و ھاوپەیمانانیش ھاوکار و ھەماھەنگن لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە، بۆیە گەشبینین ئەمساڵ ھەنگاوی زۆر باشی کرداری لەبارەی یەکخستنی پێشمەرگە بنرێت.


ئەم بابەتە 81 جار خوێندراوەتەوە