بابەکر زێباری : ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن یەک ھێزی پێشمەرگە
پەیامی کورد ... بابەکر زێباری : ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن یەک ھێزی پێشمەرگە
راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ووتی، کارکردن بۆ یەک خستنی ھێزی پێشمەرگە و درووستکردنی یەک ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و ئێستا یەک خستنی چوار فیرقە تەواو بووە و کار لەسەر سێ فیرقەی دیکەش دەکرێت، کە تاوەکوو کۆتایی ٢٠٢٦ ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن ١١ فیرقە و یەک ھێزی پێشمەرگە.
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند، پرۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و کاری زۆر باشی لەسەر کراوە، ئێستاش کار لەسەر درووستکردنی فیرقە دەکرێت، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن لەشکرێکی نیشتیمانی یەکگرتوو، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرینگە تاوەکوو پێشمەرگە ببێتە یەک ھێز و لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت و ھیچ کەس نەڵێت ئەمە پێشمەرگەی فڵانە و ئەوەی دیکە پێشمەرگەی فیسار لایەنە، دەبێت پێشمەرگە لە ژێر ئاڵای کوردستان و حکوومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا بێت.
زێباری ووتیشی، ئێستا ئەم یەکخستنەوەیە بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت و سەرلەنوێ پێشمەرگە رێک دەخرێتەوە و پڕچەک دەکرێت و لەشکرێکی زۆر ڕێکوپێک دروست دەکرێت و تاوەکوو ئێستا چوار فیرقە تەواو بوونە و دەست بەکار بوونە، ئێستاش سێ فیرقەی دیکە ئامادە کراون و لە قۆناغی کۆتاییدایە و خەریکە دەچن بۆ مەشق و راھێنان و بڕیارە تا کۆتایی ٢٠٢٦ ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن ١١ فیرقەی پێشمەرگە.
دەشڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر جیددییە بۆ ئەوەی یەک ھێزی پێشمەرگەمان ھەبێت و کاری زۆر باشی لەسەر کراوە و ھێزەکانی ھاوپەیمانیش زۆر ھاوکارن و پاڵپشتی لە ھێزی پێشمەرگە دەکەن.
ئەم بابەتە 52 جار خوێندراوەتەوە