بانكی TBI دوو لقی نوێ لە هەولێر و سلێمانی دەکاتەوە
پەیامی کورد ... بانكی TBI دوو لقی نوێ لە هەولێر و سلێمانی دەکاتەوە
لە یەکەم کۆبوونەوەی تیمی ھەژماری من و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا کە دوو لقی نوێی بانکەکە لە ھەولێر و سلێمانی بکرێتەوە و دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارەش جێگیر بکرێن.
پێنجشەممە ٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، شاندی تەکنیکی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و تیمی ھەژماری من یەکەم کۆبوونەوەیان کرد و بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان، ھاوشێوەی بانکە بەشداربووەکانی دیکە، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت.
ھەروەھا لەو خزمەتگوزارییانەی ڕێککەوتنیان لەسەرکراوە، بریتین لەوەی بانکەکە دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی دەکاتەوە و دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە لەنێو کابینەکانی (ھەژماری من) لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان جێگیر بکات، بڕیاریشە بەم زووانە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە ١٠,٠٠٠ کارتی بانکی (TBI) بکرێت.
ڕاشیگەیاندووە، تا ئێستا نزیکەی ٧٠٠ ھەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی (ھەژماری من) یاخود بە بانکی کردنی مووچە (توطین) تۆمار کردووە و لە ڕێگەی ئەو ھەشت بانکەی ناو پڕۆژەی ھەژماری من لە ھەموو ئەو خزمەتگوزارییە دارایی و بانکیانە سوودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن.
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا، بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی (TBI) بە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی ھاتە ناو پڕۆژەی (ھەژماری من) و بووە ھەشتەم بانکی بەشداربووی پڕۆژەکە. ھەفتەی ڕابردووش، ھەریەک لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی گەیشتنە ڕێککەوتنێکی فەرمی لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەستەکە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (ھەژماری من).
ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە