بانگەشەی ترامپ : ئێران بەرپرسیارە لە هاک کردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانم

پەیامی کورد   ...   بانگەشەی ترامپ : ئێران بەرپرسیارە لە هاک کردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانم
 

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی پەیامنێراندا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران بەرپرسیارە لە هاککردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی.

بە ووتەی سەرچاوەیەک لە ووڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هاککردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی، ترامپ بانگەشەی ئەوەی کرد: ئەم بابەتە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و بەشێوەیەکی پیشەیی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. پێدەچێت ئەمە کاری ئێران بێت. ئێران ئەم کارە دەکات چوونکە دۆستی من نییە و سیگناڵی خراپم لەم ووڵاتە وەرگرتووە.

ناوبراو لە درێژەدا بانگەشەی کرد: هۆکاری ئەوەی کە ئێران ئەم کارە دەکات، لەبەر ئەوەیە کە من بەهێز لە دژی ئێران وەستام. من خەریکی پاراستنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووم. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دیارە ئەم مەسەلەیە کاری ئێران بووە.

لە ووڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا FBI پێی وتووە کە ئەمە کاری ئێرانە یان نا، ترامپ ووتی: نامەوێت بە ووردی ئەمە بخەمەڕوو، بەڵام کاری ئێران بووە.

بارەگای هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپ ماوەیەک پێش ئێستا هەندێک هاککردنی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند و ترەمپ خۆیشی گەڕاندەوە بۆ بریکارەکانی ئێران بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو.

ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند : ئێران ناوەستێت چوونکە حکوومەتەکەمان لاواز و بێ کاریگەرە، بەڵام ئەمە بۆ ماوەیەکی زۆر نابێت.

لە ووڵامی ئەم تۆمەت و بانگەشانەدا، نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە ئیمەیڵێکدا ڕایگەیاند کە حکوومەتی ئێران هیچ نیاز و پاڵنەرێکی نییە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.

نوێنەری ئێران هەروەها لە ووڵامی تۆمەتەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ دا ووتی : ئێمە هیچ بەهایەک بەو جۆرە ڕاپۆرتانە نادەین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی ئەمریکا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئابووری ئێستا لەگەڵ تیمی ئێستا زۆر خراپ بووە. هەروەها تاوانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. تەنها سەیری تاوانە بەربڵاوەکانی کۆچبەران بکەن.

لە درێژەی قسەکانیدا ووتی : ملیۆنان کەس بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو ووڵاتەکەمانەوە. ڕەنگە ئەم ژمارەیە لە دەورووبەری بیست ملیۆن و زیاتر بێت. نەدەبوو ئەو جۆرە مووڵەتەیان پێ بدرێت چوونکە کێشەی بێ هەژماریان درووست کردووە. ئەم بابەتە تەنها خراپتر دەبێت و هەرگیز نەدەبوو ئەمە ڕووبدات.


ئەم بابەتە 11307 جار خوێندراوەتەوە