باڵیۆزی ھێندووستان : جێگای داخە کە بەعس بەو دڕندەیی یە مامەڵەی کردووە
پەیامی کورد ... باڵیۆزی ھێندووستان : جێگای داخە کە بەعس بەو دڕندەیی یە مامەڵەی کردووە
بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی تەندرووستی، باڵیۆزی ھێندووستان لە بەغدا پێداویستی تەندرووستی بۆ چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، پێشکەش بە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە کرد.
سۆمین باک چی، باڵیۆزی ھێندووستان لە عێراق، ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ لە ھەڵەبجەین بۆ ڕادەستکردنی پێداویستی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، سەردانی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجەمان کرد، جێگای داخە کە سی ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعس بەو دڕندەییە لەگەڵ گەلی خۆیدا مامەڵەی کردووە، ئەوەی بینییمان لەوێ، دەبێ ھیوا بخوازین جارێکی تر کارەساتی وەھا ڕوونەداتەوە.
باک چی دەڵێ، ئێمە لە حکوومەتی ھێندووستان و باڵیۆزخانە لە بەغدا، جێگای خۆشحاڵیمانە بتوانین ئەگەر ھاوکارییەکی کەمیش بێ، ھاوکاری تەندرووستی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بکەین، کە تاکوو ئێستاش بەدەست ئازاری چەکی کیمیاییەوە دەناڵێنن.
دەشڵێ، لە ھەرێمی کوردستانەوە خەڵکێکی زۆر بۆ چارەسەر ڕوو لە ھێندووستان دەکەن، ژمارەیەکی زۆری پزیشکی ھیندستان لە کوردستانن، ھێندووستانیش ئێستا ووڵاتێکی پێشکەوتووە لە درووستکردنی دەرمان و نرخیشی ھەرزانە لە بازاڕدا.
باڵیۆزی ھێندووستان ڕوونیشی کردەوە، ئێمە ئەمڕۆ زیاتر لە تۆن و نیوێک پێداویستی تەندرووستیمان پێشکەش بە کەرتی تەندرووستی ھەڵەبجە کردووە و ئامادەی ھاوکاری زیاترین لە ھەموو ئەو پێویستیانەی تەندرووستی، کە ھەڵەبجە لە دەرمان و چارەسەری بۆ بەرکەوتووان داوامان لێ بکەن.
ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە