بریکاری وەزارەتی بازرگانی باسی ڕەوانەکردنی پارەی گەنمی جووتیاران کرد
پەیامی کورد ... بریکاری وەزارەتی بازرگانی باسی ڕەوانەکردنی پارەی گەنمی جووتیاران کرد
ریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی "ئەمساڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی کۆتایی ھات، لەمەودوا ھەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ ئەوەی پارەی گەنمی جووتیاران خەرج بکرێت."
سەروەر کەمال ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "تا ئێستا بەغدا ھیچ بڕەپارەیەکی بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە بۆ گەنمی جووتیاران، خۆی پارە بە وەجبە دێت، لە عێراقیش وایە، پار بە حەوت وەجبە پارەیان سەرف کرد، ئەمساڵ دیار نییە و تا ئێستا ٣ وەجبە بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق سەرف کراوە، ھەر جارەی ٥٠٠ملیۆن دینارە، دوێنێ کۆتاییمان بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم ھێنا، زیاتر لە ٣٩١ھەزار تەن گەنم وەرگیراوە، چاوەڕێ دەکرێت لە وەجبەی چوارەم پشکی ھەرێم ڕەوانە بکرێت.
ھەندێک جووتیاریش گەنم یان ڕادەست نەکردووە چوونکە نایانەوێت چاوەڕێی پارە بکەن ئاخۆ کەی دەنێردرێت، بۆیە لە بازاڕ دەیفرۆشن، بۆیە بەرھەمی گەنمی ھەرێمی کوردستان زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە کە بۆمان دیاری کرابوو، کە ٤٠٠ھەزار تەن بوو."
سەروەر کەمال ھاواری ووتیشی "ئەمساڵ ھەندێک گەنمی ناوچە کوردستانییەکان خرایە ئەستۆی ئێمە وەریگرین، لە دیبەگە و مەخموور ٢٦ھەزار تەن بوو، لە شێخانیش ٩ھەزار تەن بوو، بەکادیری خۆمان وەرمان گرت، چوونکە ئەمساڵ سایلۆی ڕوڤیا و کەلار لە نوێی کرانەوە، سایلۆی قوشتەپەش پار کرایەوە، بۆیە عێراق پەنای بۆ ئێمە ھێنا بەھۆی ئەوەی توانای ئێمە زۆرە، جگە لەوە گۆڕەپانێکمان لە ڕوڤیا ھەیە پار زیاتر لە ٥٣ھەزار تەنیان لێ وەرگرت، ئەمساڵیش ٢١ھەزار تەنیان لێ وەرگرت، خۆیان سەرپەرشتیان دەکرد، ئەمە جگە لەو ٣٩١ھەزارتەنە.
کاتێکیش لە ١٠/٦ لە سلێمانی دەستمان بە وەرگرتنی گەنم کرد، لە سایلۆکانی خۆمان ٣٢٢ھەزار تەن گەنم مابوو، تەنیا مووڵەتی یەک وەجبەیان دا بدرێت بە کارگەکان بۆ ئاردی پسوولەی خۆراک، بۆیە لە سایلۆی ڕانیە ١٢ھەزار تەن گەنمی جووتیاران مابوو، شوێنمان نەبوو وەریگرین، بەھۆی ئەوەی گەنمی پار مابووەوە، جا داوامان کرد گەنمی لێ دەرکەین بۆ ئەوەی ئەو گەنمە وەرگرین، ئەوەشمان چارەسەر کرد و گەنممان لێ وەرگرتن و کێشەکە چارەسەر کرا."
دەشڵێت "بەردەوام ھەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی شایستەی دارایی جووتیارەکان بدرێت و سەرف بکرێت، چوونکە تا ئێستا دیار نییە کۆی پارەکە دەکاتە چەند، بەڵام بەگشتی نرخی ھەر تەنێک لە نێوان ٨٠٠ بۆ ۸۲٥ ھەزار دینار دەبێت، چوونکە خۆی ٨٥٠ھەزار دینار دانرابوو، ئەوەش بەبڕیاری بەغدا و ھەندێک ڕێکار هەمووی نادرێت و کەمی دەکەنەوە، بۆیە بەو شێوەیەی باسم کرد نرخەکە دیاری دەکرێت."
ئەم بابەتە 36 جار خوێندراوەتەوە