بلینکن دەچێتە میسر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستی غەززە

پەیامی کورد   ...   بلینکن دەچێتە میسر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستی غەززە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گەشتی دوو ڕۆژەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ میسر بۆ تاوتوێکردنی ئاگربەستی غەززە ڕاگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژانی 17-19ی ئەیلوول سەفەری میسر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی میسر تاوتوێی هەوڵەکانی ئاگربەستی غەززە دەکات.

بەگوێرەی ڕاگەێندراوەکە، بلینکن باس لە "هەوڵە بەردەوامەکان دەکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە کە گەرەنتی ئازادکردنی هەموو زیندانییەکان دەکات و ئازارەکانی گەلی فەلەستین کەم دەکاتەوە و بەشداری لە ئاسایشی ناوچەکەدا دەکات".

پێشتر ماتیۆ میلەر ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا هێشتا لەگەڵ ناوبژیوانانی میسر و قەتەر کاردەکات بۆ ئەوەی پێشنیازێکی پێداچوونەوە بۆ ئاگربەست لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە بخاتەڕوو.

هەروەها لە کردنەوەی گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریکا و میسر لەگەڵ بەدر عەبدۆلعاتی وەزیری دەرەوەی میسر، تاوتوێی "بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و قووڵکردنەوەی گەشەسەندنی ئابووری، هەروەها زیادکردنی پەیوەندییەکانی خەڵک بە گەل لەڕێگەی فەرهەنگ و پەروەردە" دەکات.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تۆڕی ئەلمەیادین لە لوبنان بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە کە ناوبژیوانانی قەتەر و میسر کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵییان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دۆزینەوەی ڕێگاکانی دەربازبوون لە قەیرانی دانوستانەکانی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە کەرتی غەززە.

 ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کردووە: "ئەو دوو ناوبژیوانە داوای چاکسازی بچووکیان کردووە، بەتایبەتی لەسەر پرسی دەرچوون لە میحوەرەکەی فیلادێلفیا و پێوەرەکانی ئازادکردنی زیندانییەکان".

ئەو سەرچاوەیە بڵاوی کردەوە کە حەماس لە لایەکی دیکەوە جەختی لە هەڵوێستی خۆی لەسەر پێویستی پابەندبوون بە ڕێککەوتنی 2ی تەمووز کردووەتەوە.


ئەم بابەتە 61240 جار خوێندراوەتەوە