بوودجەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سەدا ٢٠٠ زیادی کرد

پەیامی کورد   ...   بوودجەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سەدا ٢٠٠ زیادی کرد

لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی و دەستپێکی ململانێی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حکوومەتی پزیشکی بوودجەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی بە ڕێژەی 200% زیاد کرد.

فاتمە موهاجرانی، ووتەبێژی حکوومەتی مەسعوود پزیشكیان، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ئۆکتۆبەر ڕایگەیاند، بوودجەی سەربازی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو بە ڕێژەی ٢٠٠% کە یەکسانە بە نزیکەی ٣ هێندە، بۆ زیادکردنی "بنکەی بەرگری" زیادی كردووە.

ووتەبێژی حکوومەتی پزیشکیان ئەم قسانەی دوای پەسەند کردنی گشتی پڕۆژە یاسای بوودجەی ١٤٠٤ لە لایەن شورای ئیسلامیی ئێران ەوە کرد.

نوێنەرانی ئێران لە پەرلەمان بە ١٤٦ دەنگی بەڵێ، ٩٦ دەنگی نەخێر و ٤ دەنگی بێ لایەن لە کۆی ٢٤٩ نوێنەری ئامادەبوو، یەکەمین گەڵاڵەی بوودجەیان بۆ حکوومەتی پزیشکی پەسەند کرد.

زیادکردنی 200%ی بوودجەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە ناڕاستەوخۆ ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ گۆڕاوە و ئەگەری تەشەنەسەندنی ململانێکانی چڕتر کردووەتەوە.


ئەم بابەتە 38 جار خوێندراوەتەوە