بڕیاری وەرگرتنی بڕی گەنمی جووتیارانی ھەرێم لە ڕۆژەدا دەدرێت
پەیامی کورد ... بڕیاری وەرگرتنی بڕی گەنمی جووتیارانی ھەرێم لە ڕۆژەدا دەدرێت
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بە سەرۆکایەتی دکتۆر فوئاد حسێن کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری عێراق ئەنجام بدرێت و تێیدا بڕیار لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بدرێت.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : دوایین ھەنگاو بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداو کردنەوەی دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی ئەم ھەفتەیە لە بەغدا ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری بە سەرۆکایەتی دکتۆر فوئاد حسێن و بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق بەڕێوەبچێت و لەو کۆبوونەوەیە گفتووگۆ لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد : بڕیارە لەو کۆبوونەوەی لە بەغدا ئەنجامدەدرێت ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دیاری بکرێت، بۆیە کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری و ئێمە تێیدا بەشدار نابین و ئەوان بڕیاری خۆیان دەدەن.
کەریم سلێمان ڕوونیشیکردەوە: ھەرکاتێک بڕیاردرا و دیاریکرا ڕێژەی وەرگرتنی گەنم چەند لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرن ئەوکات وەزارەتی بازرگانی بڕیار دەدات دەرگای سایلۆکان بکرێتەوە و گەنم لە جووتیاران وەربگرن، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە دەکەین و تاوەکوو ئێستا ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران دیاری نەکراوە ئەمساڵ چەند تەن گەنم لە جووتیاران وەردەگرن.
ئەم بابەتە 40756 جار خوێندراوەتەوە