بڕیارەكەی مهسروور بارزانی بۆ وەرزشوانان لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن
پەیامی کورد ... بڕیارەكەی مهسروور بارزانی بۆ وەرزشوانان لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن
مهسروور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ڕەزامەندی دا بۆ بەخشینی پاداشتی دارایی بە شێوەی هەمیشەیی بەو یانە و پاڵەوانانەی، كە لە ئاستی خول و پاڵەوانێتییەكانی ناوخۆ و دەرەوە پلەکانی یەکەم بەدەست دەهێنن.
دەقی بڵاوکراوەی بەڕێوبەرایەتی وەرزش:
موژدەیەكی گەورە بۆ وەرزشوانە پاڵەوانەكانی یارییە تاک و بەکۆمەڵەکانی كوردستان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر پاداشتی دارایی یەكەمەكانی وەرزش دا.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دا بۆ بەخشینی پاداشتی دارایی بە شێوەی هەمیشەیی بەو تیپ و پاڵەوانانەی كە لە ئاستی خول و پاڵەوانیەتییەكانی ناوخۆ و دەرەوە پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەست دەهێنن، بڕیارەكەش لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
دوابەدوای نووسراوی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ خەڵات كردنی تیپ و یاریزانە پاڵەوانەكان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار مەسروور بارزانی رەزامەندی دا خەڵاتی دارایی پێشكەش بە وەرزشوان و تیپە سەركەوتووەكان بكرێت.
بە نووسراوی ژمارە 11582 لە رێكەوتی 28.8.2024 رەزامەندی لەسەر نووسراوەكە درا و بە ئیمزای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كراوە.
بەم شێوەیە لەمەودوا ئەو تیپ و یانە و پاڵەوانانەی لە ئاستی خولەكانی ناوخۆ، عێراق و ئاسیا و جیهان نازناو یان پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بەدەست دەهێنن، پاداشتی دارایی وەردەگرن، ئەمەش دوای هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش بۆ جێگیركردنی ئەو پاداشتە بە شێوەیەكی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ وەرزشوانانی كوردستان و بەپێی ئەو رێنمایی و پۆلینەی كە دانراوە.
هاوكات لە نووسراوەكەدا ئاماژە بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابوورییش كراوە و داواكراوە لە ئەمڕۆوە كاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدەن.
بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش دەمێكە كار لەسەر ئەوە دەكات، وەرزشوانانی كوردستان بەرامبەر دەستكەوت و ئەنجامە باشەكانیان خەڵاتی دارایی وەربگرن و دواجار كارەكان گەیشتنە ئەنجام، كە دەستكەوتێكی گرینگە بۆ وەرزشوانانی كوردستان.
لێرەدا جێی خۆیەتی بە ناوی وەرزشوانانی كوردستانەوە سوپاسی رێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێز د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بكەین، كە هەمیشە پاڵپشتی وەرزشوانان و بزاڤی وەرزشی كوردستانیان كردووە و لە هەموو روویێكەوە هاوكارن.
راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش
ئەم بابەتە 89396 جار خوێندراوەتەوە