بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی لە سێ خاڵ پێکهاتووە
پەیامی کورد ... بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی لە سێ خاڵ پێکهاتووە
لێخۆشبوونی تەواو بۆ قەرزی سوودی کشتوکاڵی دەرکرا. هاوکات پێشنیازێک بۆ لێخۆشبوون لە بەشێکی قەرزی خانووبەرە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە.
بە گوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە یەکشەممە، 09-03-2025، ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە پسپۆڕییەکان کراوە و واژووی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبوونی بۆ قەرزی سوودی کشتوکاڵی دەرکردووە.
بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (15786) لە 12-11-2024، دەرکراوە و لە سێ خاڵ پێک هاتووە:
1- ڕەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبوون لە سوودی بانکی کشتوکاڵی ئەو جووتیارانەی نەیانتوانیوە قەرزەکانیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە بدەنەوە.
2- ئەوانەی کۆی قەرزەکانیان گەڕاندووەتەوە، تەنیا سوودەکەیان لەسەر ماوەتەوە، ئەم لێخۆشبوونە دەیانگرێتەوە.
3- جووتیار پێویستە لە ماوەی ساڵی دارایی (2025) قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، بە مەرجێک لە سێ گوژمە زیاتر نەبێت و لێخۆشبوونەکە لە دوای وەرگرتنەوەی دوایین گوژمە بۆی دەکرێت.
ئەم بابەتە 40 جار خوێندراوەتەوە