بڕیارە ئەوانەی ماون لە ساڵی نوێ شووقەیان بەسەردا دابەش بکرێت
پەیامی کورد ... بڕیارە ئەوانەی ماون لە ساڵی نوێ شووقەیان بەسەردا دابەش بکرێت
بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان دەڵێ، ساڵی داھاتوو لە پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ شووقە بەسەر کەس وکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەکرێت.
د.ناڤسەر نووری، بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، ڕایگەیاند : "بڕیارە لە ساڵی نوێ بەھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی ژمارەیەک شووقە بۆ کەس وکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ درووست بکەین و دوای تەواوبوونیان ڕادەستی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و ئەنفال و زیندانیانی سیاسی دەکرێت".
بریکاری وەزارەتی شەھیدان ووتیشی : "لە پارێزگای دھۆکیش پێشتر وەجبەیەک شووقە بەسەر خانەوادەی شەھیدانی تیرۆر دابەشکراون، بڕیارە ئەوانەی ماون لە ساڵی نوێ شووقەیان بەسەردا دابەش بکرێت و ھەر خانەوادەیەکی شەھیدی تیرۆر سوودمەند دەبێت لە وەرگرتنی شووقەیەک".
د.ناڤسەر نووری ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ئەمساڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە ھەولێریش شووقە دراون بە خانەوادەی شەھیدانی تیرۆر، پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت چ دابینکردنی شووقە و یەکەی نیشتەجێبوون بێت یاخود دابەشکردنی زەوی بێت بۆ کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی".
ئەم بابەتە 102 جار خوێندراوەتەوە