بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت
پەیامی کورد ... بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، بڕیارە بەم زووانە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت و تێیدا شەرعیەت بە ئەندامانی ئەنجوومەن بدرێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت بە ئەرکی چاودێریکردنی خۆی ھەڵسێت و دواتر کار لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بکرێت، کە پارتی مکوڕە لەسەر ئەوەی پارێزگارێکی کورد پۆستەکە وەربگرێت.
حەسەن شێخانی، ڕایگەیاند ، لە گفتوگۆی لایەنەکاندا ھەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی دوای جەژن لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک بکرێت و تێیدا ئەندامانی ئەنجوومەن دەستبەکار بن و شەرعیەت بە ئەنجوومەن بدرێت، بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن کە چاودێریکردنە، بۆیە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت، بەڵام باسی دابەشکردنی پۆستەکانی تێدا ناکرێت.
شێخانی ووتیشی، بڕیارە دوای ئەو کۆبوونەوەیە، لایەنەکان گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی رێککەوتن بکرێت بۆ دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان، بۆیە ئەم کارە بە دوو قۆناغ دەکرێت، قۆناغی یەکەم شەرعیەتدانە بە ئەندامانی ئەنجوومەن و قۆناغی دووەمیش دابەشکردنی پۆستەکان دەبێت.
دەشڵێ: "ئێمە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان، پشکمان لە پۆستە ئیدارییەکان دەبێت و لەسەر ئەوەش مکوڕین پارێزگاری کەرکووک کوردێک بێت و بتوانێت خزمەتی ھەموو کەرکووک بکات و جێگەی رەزامەندی ھەموو لایەنەکان بێت، بۆیە گەشبینین ھەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە رێککەوتنێک و کۆتایی بەو کێشەیە بێت و ئەنجوومەن دەستبەکار بێت و پۆستەکانیش دابەش بکرێن".
ئەم بابەتە 30755 جار خوێندراوەتەوە