بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندە کە بەهۆی خواردنی شەمشەمەکوێرەوە درووست دەبێت؛ لە کۆنگۆ زیاتر لە ٥٠ حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکرا
پەیامی کورد ... بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندە کە بەهۆی خواردنی شەمشەمەکوێرەوە دروست دەبێت؛ لە کۆنگۆ زیاتر لە ٥٠ حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکرا
شارەزایانی تەندرووستی لە کۆنگۆ دەڵێن، بۆ یەکەمجار نەخۆشییەکی نەناسراو لە سێ منداڵدا دۆزراوەتەوە کە شەمشەمەکوێرەیان خواردووە. نەخۆشییەکە لە ماوەی پێنج هەفتەی ڕابردوودا بە خێرایی زیاتر لە ٥٠ کەسی لە باکووری ڕۆژئاوای کۆنگۆ کوشتووە.
بەگوێرەی ئاسۆشەیتێد پرێس، پزیشکان و پسپۆڕانی تەندرووستی کۆنگۆ دەڵێن، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ماوەی نێوان سەرهەڵدانی نیشانەکان کە بریتین لە تا و ڕشانەوە و خوێنبەربوونی ناوەوە و مردن 48 کاتژمێر بووە؛ بەڕێوبەری نەخۆشخانەیەک لە کۆنگۆ دەڵێت: “ئەمە بەڕاستی جێگەی نیگەرانییە. نیشانەکانی وەک تا و خوێنبەربوون بەزۆری پەیوەندییان بە ڤایرۆسە کوشندە ناسراوەکانی وەک ئیبۆلا، تای خوێنبەربوون، ماربۆرگ و تای زەردەوە هەیە، بەڵام توێژەران، بە پشکنینی زیاتر لە دەیان نموونەی کۆکراوە، دەڵێن نەخۆشییە نوێیەکە هیچ کام لەمانە نییە.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندە نوێ لە کۆنگۆ
بە ووتەی دەسەڵاتدارانی ناوخۆ، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە کۆنگۆ لە ٢١ی جانیوەری دەستیپێکردووە. تا ڕۆژی دووشەممە ٤١٩ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٥٣ کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ئۆفیسی ئەفریقیای ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی، یەکەم بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە نەناسراوە لە شارۆچکەی بۆلۆکۆ دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی سێ منداڵ شەمشەمەکوێرەیەکیان خواردووە منداڵەکان دوای 48 کاتژمێر لە تووشبوون بە نیشانەکانی تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی دەڵێت، دوای ئەوەی لە 9ی شوباتدا دووەم جار نەخۆشییەکە لە شارۆچکەی بومات سەریهەڵدا، لە شارۆچکەی بومات، نمونەی 13 تووشبوو بۆ پشکنین ڕەوانەی پەیمانگای نیشتمانی بۆ توێژینەوەی بایۆپزیشکی لە شاری کینشاسای پایتەختی کۆنگۆ کراوە. پشکنینی سەرجەم نموونەکان نێگەتیڤ بوون بۆ ئیبۆلا یان نەخۆشییە باوەکانی تر کە نیشانەکانی تا و خوێنبەربوونیان هەبووە. بێگومان هەندێکیان پشکنینی مەلاریایان بۆ کراوە. ساڵی ڕابردوو نەخۆشییەکی دیکەی نهێنی هاوشێوەی ئەنفلۆنزا لە بەشێکی دیکەی کۆنگۆ سەریهەڵدا و زیاتر لە 143 کەسی لێ گیانیان لەدەستدا.
ئەم بابەتە 51 جار خوێندراوەتەوە