بۆ یەکەم جار دوو بەرپرسی ئیسرائیل بە ووردەکارییەوە چۆنییەتی تەقاندنەوەی پەیجەر و بێتەلەکانی حیزبۆڵڵای لوبنانی ئاشکرا دەکەن
پەیامی کورد ... بۆ یەکەم جار دوو بەرپرسی ئیسرائیل بە ووردەکارییەوە چۆنییەتی تەقاندنەوەی پەیجەر و بێتەلەکانی حیزبۆڵڵای لوبنانی ئاشکرا دەکەن
دوو بەرپرسی خانەنشینكراوی پێشووی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی CBSی ئەمریکی بە ووردی باسی ئەو ئۆپراسیۆنەیان کرد کە ئەندامانی حیزبۆڵڵای لە لوبنان و سووریا کردە ئامانج.
ئەوان قسەیان بۆ بەرنامەی “60 Minutes”ی CBS کردووە کە شەوی یەکشەممە پەخش کرا. بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە، دەمامکیان بەکارهێناوە و دەنگیان بە کۆمپیوتەر گۆڕدراوە.
یەکێک لەوان ئاماژە بەوە دەکات كە ئیسرائیل ١٠ ساڵ لەمەوبەر ئامادەکاری بۆ تەقاندنەوەی بێتەلەکان کردبوو.
یەكێكیان دەڵێت، ئاژانسی هەواڵگری و ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (مووساد) تەقەمەنی خستە ناو بێتەلەکان و بەو شێوەیە بە حیزبۆڵڵای فرۆشت، بەڵام حیزبۆڵڵا هەرگیز نەیزانی فرۆشیارەکە ئیسرائیلی دووژمنیەتی.
پاش تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ، ئەمساڵ، ڕۆژێك دوای تەقاندنەوەی پەیجەرەکان، دواجار بێتەلەکان تەقێنرانەوە.
بەرپرسێك کە خۆی بە ناوی "مایکڵ" ناساندووە، دەڵێت: "جیهانێکی ساختەمان درووستکرد."بەرپرسی دووەم ئاماژە بەوە دەکات، قۆناغی دووەمی پلانەکەیان بەکارهێنانی ئامێری پەیجەر بوو کە ساڵی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل زانی حیزبۆڵڵا دەستیکردووە بە کڕینی ئامێری پەیجەر لە کۆمپانیایەکی تایوان.
پێویست بوو پەیجەرەکان کەمێک گەورەتر درووست بکرێن بۆ ئەوەی شوێنی تەقەمەنییەکەیان تێدا ببێتەوە.
بەرپرسی دووەم کە خۆی وەک "گابریێل" ناساندووە، دەڵێت، کۆمپانیایەکی وەهمیان لە هەنگاریا درووستکردبوو بۆ ئەوەی کۆمپانیا تایوانییەکە فریوبدەن و بێ زانینی خۆی، رازیبکەن لەگەڵ مووساد کاربکات و پەیجەرەکانی بۆ درووست بكات، تا ئەوانیش تەقەمەنییەکەی لەنێو دابنێن.
ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە