بۆ یەک خستنەوەی ھێزی پێشمەرگە لە ساڵی نوێوە دوو ناوچەی سەرکردایەتی دادەمەزرێت
پەیامی کورد ... بۆ یەک خستنەوەی ھێزی پێشمەرگە لە ساڵی نوێوە دوو ناوچەی سەرکردایەتی دادەمەزرێت
بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، یەکشەممە وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری دا، کە دوو ناوچەی سەرکردایەتی بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێنێت و ھەوڵەکانیشی بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە چڕ دەکاتەوە.
یەکشەممە ٢٢ی ١٢ی ٢٠٢٤، وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی عەبدولخاڵق باپیر، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق ڕوکن - عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، لیوا ڕوکن - بەختیار محەممەد و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی ھێزی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی سەربازی ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان و تیمی یاوەریشی ئامادەی بوون.
ئاماژەی بەوەش داوە، کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن و بڕیاردان بوو لەبارەی پڕۆژەیەکی ئامادەکراو بۆ دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتی کە لە ١١ فیرقەی سەربازی پێکھاتوون لەژێر سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەست بەکاردەبن.
لەسەر ئەو بابەتە، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاندووە: "دوو ناوچەی سەرکردایەتی دادەمەزرێنین بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا کاروبارەکانیان ڕێک دەخەنەوە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان".
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، تەوەرێکی دیکە خراوەتە بەرباس و بە گرینگییەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، ھەمووان ھاوڕابوون کە ئەم ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بونیاتنانی ھێزێکی نیشتمانیی یەکگرتووی کوردستانی، کە پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکات لە ھەر مەترسییەک کە لە ئێستا و ئایندەدا رووبەروومان دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار دراوە، بە دەستەکاربوونی ھەردوو ناوچەی سەرکردایەتی کە ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی تێدا ڕێکدەخرێتەوە، لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیر دەبن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥وە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، بە کۆی دەنگی ھەمووان ڕەزامەندی درا لەسەر بونیاتنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاری سەربازی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئەم بابەتە 102 جار خوێندراوەتەوە