بیرەوەرییەکانی د. ڕۆژ نووری شاوەیس بڵاوکرایەوە

پەیامی کورد   ...   بیرەوەرییەکانی د. ڕۆژ نووری شاوەیس بڵاوکرایەوە

د. ڕۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەر لە کۆچی دوایی کتێبێکی ٦٥٤ لاپەڕەیی بە نێونیشانی گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتییم نووسیووە، کە لە کتێبەکەیدا زۆرترین بیرەوەری لە خۆگرتووە و نووسەر یاداشتەکانی خۆی لەبارەی چەندین ڕووداوی گرینگ لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بە ڕاستگۆیانە و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە تۆمار کردووە

"گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتییم" نێونیشانی کتێبێکی ٦٥٤ لاپەڕەیی قەبارە مامناوەندییە، خوالێخۆشبوو د. ڕۆژ نووری شاوەیس ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەر لە کۆچی دوایی نووسیوویەتی و ئەمساڵ بە تیژاری ١٠٠٠ دانە چاپکراوە.

سەرۆک بارزانی لە لاپەڕە ٥ـی کتێبەکەدا پەیامێکی بەھاداری بۆ ئەم بیرەوەرییانەی پێشمەرگە و سیاسەتمەدار د. ڕۆژ نووری شاوەیس نووسیووە، ھاوکات "گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتییم" زۆرترین بیرەوەری لە خۆگرتووە و نووسەر یاداشتەکانی خۆی لەبارەی چەندین ڕووداوی گرینگ لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بە ڕاستگۆیانە و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە تۆمار کردووە، کە ھەموویان شایستەی ئەوەن خوێنەر و سیاسەتمەدارانی کورد پێی ئاشنابن و سوود لە ئەزموونی پڕ بایەخی ئەم سەرکردە و سیاسەتمەدارەی نیشتمان وەربگرن.

لە بەرگی دواوەی کتێبەکەیدا، د. ڕۆژ نوری شاوەیس نووسیوویەتی: "من پێموایە کاتێک ڕووداوەکان دەنووسرێتەوە، واباشترە بەر لە نووسینەوەیان ماوەیەکی باشی بەسەردا تێپەڕ بووبێت، ئەوکاتە ڕووداوەکە باشتر دەکەوێتە بەرچاو و ھەڵسەنگاندن".

د. ڕۆژ نووری شاوەیس لە ساڵی ١٩٤٧ لە شاری سلێمانی لە خانەوادەیەکی نیشتیمانپەروەر لەدایکبووە، ڕۆژی ١٥ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢١ کۆچی دوایی کردووە. لە زانکۆی مووسڵ کۆلێژی ئەندازیاری تەواو کردووە و بڕوانامەی دکتۆرای ئەندازیاری لە ووڵاتی ئاڵمانیا بەدەست ھێناوە، وێڕای ژیانی پێشمەرگایەتی و بەشداریکردنی لە شۆڕش و بەرخودانەکانی گەلی کوردستان.

له‌ دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ د. ڕۆژ نوری شاوەیس چەندین پلە و پێگەی ھەستیاری لە حزب و حکوومەت وەرگرتووە، لەوانەش:

-سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان 

-سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

-جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق

-ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.


ئەم بابەتە 15295 جار خوێندراوەتەوە