بێگەرد تاڵەبانی : یاداشتێکی گرینگی کشتوکاڵی واژوو کرا
پەیامی کورد ... بێگەرد تاڵەبانی : یاداشتێکی گرینگی کشتوکاڵی واژوو کرا
وەزیری کشتوکاڵی دەوڵەتی ئوردنی هاشمی بە یاوەری وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و پڕۆژەی ڕاسان بۆ بزنی سانی و کێڵگەی کشتوکاڵی بەسەر کردەوە، بێگەرد تاڵەبانی دەڵێ: ڕێککەوتنێکی گرینگی بەسوود بۆ جووتیاران لە نێوان وەزاراتی کشتوکاڵی کوردستان و ئوردن واژوو کراوە.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پڕۆژەی ئاژەڵداری بزنی سانی لە پارێزگای هەڵەبجە، بە میدیاکانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵی ووڵاتی ئوردنی هاشمی لێرەیە، بە پێویستمان زانی سەردانی یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکان بکەین، ئەویش پڕۆژەی بزنی سانی بۆ ئاژەڵدارییە، سوپاس بۆ ئاسۆ حاجی محەمەد بامۆکی، بازرگانێکە خزمەتی گەورەی بە سیکتەری کشتوکاڵی کوردستان کردووە و دەیان پڕۆژەی هەیە لە هەڵەبجە.
بێگەرد تاڵەبانی ووتی: سەردانی وەزیری کشتوکاڵی ئوردن بۆ هەڵەبجە، لە چوارچێوەی ئەو یاداشتەدایە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی ئوردن واژوومان کردووە، لە 10 ماددە و 13 برگەی جەوهەری لە خۆی گرتووە کە ڕەنگ دەداتەوە لە پاڵپشتی جووتیارانی کوردستان و هێنانی ئەزموونی زیاتر بۆ کوردستان و سوودلێ بینینیان.
دەشڵێ: ئوردن لە بواری کشتوکاڵدا ووڵاتێکی پێشکەوتووە، توانیویانە تەکنەلۆژیای تازە لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ بەکاربێنن و بەرهەمی ناوخۆی خویان دابین بکەن و هەناردەی دەرەوەشی بکەن.
ئەم بابەتە 93448 جار خوێندراوەتەوە