بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری لە نێو ئاڵمانییە بەساڵاچووەکاندا
پەیامی کورد ... بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری لە نێو ئاڵمانییە بەساڵاچووەکاندا
پارتی چەپی ئاڵمانیا بە پشت بەستن بە داتاکانی فەرمانگەی ئاماری ئەورووپا، زیادبوونی بەرچاوی مەترسی هەژاری لە نێوان کەسانی سەروو ٦٥ ساڵ لە ئاڵمانیا ڕاگەیاند.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کە لەلایەن "RND"ی ئاڵمانیاوە وەرگیراوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی یەکێک لە هەر پێنج هاووڵاتییەکی سەروو 65 ساڵ لە ئاڵمانیا مەترسی هەژارییان لەسەرە.
بەم پێیە مەترسی هەژاری بۆ کەسانی بەساڵاچوو لە ئاڵمانیا زۆر زیادی کردووە.
لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٨.٢%ی هاووڵاتیانی بەساڵاچوو تەمەن ٦٥ ساڵ و سەرووتر لە ئاڵمانیا مەترسی هەژارییان لەسەر بووە و لە ساڵی ٢٠٠٦دا ١٢.٥%ی بەساڵاچووان لەم دۆخەدا بوون.
ئەمەش دەرئەنجامی شیکاری فراکسیۆنی چەپی پەرلەمانی ئاڵمانیایە بەپێی داتاکانی فەرمانگەی ئاماری ئەورووپا (یۆرۆستات)، کە میدیاکانی ئاڵمانیا بڵاویانکردووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپرسییە، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٣.١ ملیۆن هاووڵاتی سەرووی ٦٥ ساڵ لە ئاڵمانیا مەترسی هەژارییان لەسەر بووە. لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە ئاڵمانیا نزیکەی یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس هەبوون کە تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوە بووە و داهاتیان لە خوار هێڵی هەژارییەوە بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مەترسی هەژاری لەنێو بەساڵاچووانی ئاڵمانیا نزیکەی لەسەدا ٦٢ بەرزبووەتەوە. هەروەها بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٧ مەترسی هەژاری لەم گرووپە تەمەنییەدا لە ئاڵمانیا زیادی کردووە. لەو کاتەدا نزیکەی ٢.٨ ملیۆن کەس لەم تەمەنەدا مەترسی هەژارییان لەسەر بوو.
ئەوانەی لە ئاڵمانیان بە هەژار ناودەبرێن و مەترسی هەژارییان لەسەرە ئەگەر داهاتی ساڵانەیان لە 60%ی تێکڕای داهاتی دانیشتوانی ووڵاتەکە کەمتر بێت.
سابین زیمەرمان، یەکێک لە نوێنەرانی پارتی چەپی ئاڵمانی ڕایگەیاند، مەترسی هەژاری ڕۆژ بە ڕۆژ لە کۆمەڵگەی ئاڵمانیادا زیاتر دەبێت. پێویستە دەست بەجێ خانەنشینی یاسایی بەهێز بکرێت و دژە هەژاری بێت.
هەروەها جەختی لە زیادکردنی مووچەی خانەنشینان کردەوە بەهۆی تەشەنەسەندنی قەیرانی کۆرۆنا لەم واڵاتەدا.
ئەم بابەتە 23 جار خوێندراوەتەوە