بەرپرسی لقی ١٦ : ئەو پڕۆژانە لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە بواری جێ بەجێکردنەوە

پەیامی کورد   ...   بەرپرسی لقی ١٦ : ئەو پڕۆژانە لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە بواری جێ بەجێکردنەوە

بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، وەکو لقی ١٦ی پارتی لە سنووری دەورووبەری ھەولێر، ھەمیشە پردێکی بەھێز دەبین بۆ گەیاندنی داواکاری خەڵکی خۆمان و خۆشمان بە پارێزەری خەڵک دەزانین، ھەر بۆیە داواکاری خەڵک بە حکوومەت دەگەێنین و حکوومەتیش بەپێی توانا داواکاری خەڵکی خۆمان جێبەجێ دەکات و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکات.

ئاری نانەکەلی، ڕایگەیاند : "لە کابینەکانی ڕابردووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لەم کابینەیەدا، خەڵکی ھەرێمی کوردستان متمانەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەخشیوە، بۆیە ئێمەش ھەمیشە خۆمان بە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵک دەزانین و بووینەتە پردێک بۆ گەیاندنی داواکاری خەڵکی خۆمان".

نانەکەلی ووتیشی: "پێش دوو ڕۆژ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای ھەولێر ئەنجام درا و بڕیار درا کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە ئەنجام بدرێن، کە بێگومان ئەمە جاری یەکەم نییە و کۆتاجاریش نابێت، چوونکە کاری ئێمە وەکوو حیزب ئەوەیە کە داواکاری خەڵکی خۆمان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بگەیەنین، بۆ ئەوەی بۆیان جێبەجێ بکرێن".

بەرپرسی لقی ۱٦ی پارتی ڕوونیشی کردەوە: "ئێمە خۆمان بە پارێزەری خەڵک دەزانین و ئەوان کە متمانەیان بە ئێمە بەخشیوە، دێن داواکاری ئاراستەی ئێمە دەکەن، ئێمەش بە ئەمانەتەوە داواکارییەکان لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییەی ھەمانە، دەگەیەنین و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەپێی توانا داواکارییەکانی خەڵکی خۆمان جێبەجێ دەکات، ئەمەش متمانەی نێوان ئێمە و خەڵک زیاتر دەکات و دەبێتە ھۆی ئەوەی خزمەتگوزاری زیاتریش لە سنووری ئێمە ئەنجام بدرێن".

دەشڵێ: "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە لە خەمی خەڵکدایە و بەردەوامە لە کاروانی ئاوەدانی لە ھەموو ناوچەکاندا، ئێمەش ھەمیشە لە خزمەتی خەڵکی خۆماندا دەبین و داواکاری خەڵکی خۆمان دەگەێنینە حکوومەت، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتریان بکرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای گەیاندنی داواکاری خەڵکی سنووری دەوروبەری ھەولێر لەلایەن لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بڕیار درا بە تەرخانکردنی بڕی ٣٣ ملیار و ٥٢٥ ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک پڕۆژە لە بوارەکانی ئاو و کارەبا، ڕێگاوبان، قوتابخانە و کەرتی تەندرووستی، کە بڕیارە ئەو پڕۆژانەش لە ماوەیەکی نزیکدا بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.


ئەم بابەتە 16062 جار خوێندراوەتەوە