بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق : ئەنجامەکان بە سەرکەوتوویی نێردرا بۆ بەغدا

پەیامی کورد   ...   بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق : ئەنجامەکان بە سەرکەوتوویی نێردرا بۆ بەغدا

بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوە چوو و ئامێرەکانیش بە شێوەیەکی باش کاریان کرد. ووتیشی: سکاڵا تۆمار کراوە، بەڵام تا ئێستا ڕێژەکە دیار نییە کە چەندە.

هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژانەمەوانیدا، ڕایگەیاند: پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیه‌کی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوەچوو، هەروەها ئەنجامەکان بە سەرکەوتوویی نێردرا بۆ بەغدا و هیچ کێشە و گرفتێکمان نەبوو.

بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەڵبژاردنە زۆر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، هەروەها ئامێرەکانیش بە شێوەیه‌کی باش کاریان دەکرد و کێشەیان نەبوو.

باسی لەوەش کرد، نزیکەی سێ هەزار و 750 چاودێری نێودەوڵەتی و هەزار و 928 چاودێری ناوخۆیش ئامادەبوون لە هەموو بنکەکانی دەنگدان. نەبەر عومەر، ووتی: سکاڵا تۆمار کراوە، بەڵام تا ئێستا ڕێژەکە دیار نییە چەندە.

لەبارەی کێشەی پەنجەی مۆر، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق، ڕوونیکردەوە، دوو جۆر کێشەی پەنجەمۆر هەیە. یەکەمیان؛ کارتی دەنگدان پەنجەمۆری تێدا نەبێت. دووەمیان؛ پەنجەمۆر هەیە لە ناو کارتەکە بەڵام لە ڕۆژی هەڵبژاردن کەسەکە بەهۆی نەخۆشیەوە یان زامدار بوونی پەنجەی، پەنجەمۆرەکەی ناخوێنێتەوە.

هاوکات داواکارە لە هاووڵاتییان، کە گرینگی بە پەنجەیان بدەن و تا کاتی دەنگدان، چوونکە ئەگەر پەنجەمۆریان نەخوێنێتەوە ناتوانن دەنگ بدەن.

لای خۆیەوە دکتۆر ئەیسەر، ووتەبێژی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداربووانی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیاند و بەم شێوەیە بوون:

دهۆک: 98% 

هەولێر: 97% 

سلێمانی: 97% 

هەڵەبجە: 96% 

کەرکووک: 56% 

نەینەوا: 43%

دیالە: 62% 

بەغدا کەرخ: 79% 

بەغدا ڕەسافە: 60%

سەڵاحەددین: 54%

ئەنبار: 8%

واست: 4% 

ناوبراو ئاشکرای کرد، لە کۆی 215 هەزار و 560 دەنگدەری تایبەت، 208 هەزار و 521 کەس دەنگیان داوە، رێژەی گشتی بەشداریکردن لە دەنگدان %97 بوو.

کاتژمێر 7ـی بەیانی ئەمڕۆ هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ كرد و تاکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.


ئەم بابەتە 14912 جار خوێندراوەتەوە