بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمریکی : لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئێران هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل

پەیامی کورد    ...   بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمریکی : لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئێران هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل

بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵیت، زانیاری هەواڵگری هەیە کە ئێران لە ٢٤ تاوەکوو ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل.

لە بەرامبەر ئەگەری هێرشی ئێران، ئیسرائیل ئاستی ئامادەیی خۆی بەرزکردووەتەوە. هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمریکیش پیشانی دەدات کە تاران دەیەوێت ژمارەیەک پێگەی نێو ئیسرائیل بکاتە ئامانج، ئەوەش لە تۆڵەی هێرشەکەی بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی ٧ پاسدار کە دووانیان فەرماندە بوون.

تاران هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل و بەڵێنی داوە ووڵامی بداتەوە، بەڵام ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەبووە

بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری بابەتەکەیە، بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵی ووتووە، هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران دەکرێت لە 24 تا 48 کاتژمێری داهاتوودا بکرێت و "رەنگە بکرێتە سەر خاکی ئیسرائیل".

ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل ییەکان خۆیان بۆ هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئێران بۆ سەر باشوور یان باکووری ئیسرائیل ئامادە كردووە

بەڵام بەرپرسێکی ئێرانی بە هەمان رۆژنامەی گوتووە، هێشتا تاران بڕیاری کۆتایی نەداوە کەی هێرشەکە بکات

بە گوێرەی راپۆرتەکە کە پشتی بە قسەی راوێژکارێکی سوپای پاسداران بەستووە، سوپای پاسداران ژمارەیەک بژاردەی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل داوەتە عەلی خامنەیی، یەکێک لەوانە، هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل لە رێگەی مووشەکی پێشکەوتووی مەودا مامناوەندەوە

ئیسرائیل هۆشداری داوەتە تاران و رایگەیاندووە، هەر هێرشێک کاردانەوەی تووندی بەدواوە دەبێت

رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند ، "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەێنین". 

یووئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل یش رایگەیاند، "هەر هێرشێکی راستەوخۆی ئێران بۆ ناوچەکانی ئیسرائیل، ووڵامی ئیسرائیلی دژ بە ئێرانی بەدوادا دێت".

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، "پابەندبوونی ئێمە بۆ ئاسایشی ئیسرائیلەوە دژی هەڕەشەکانی ئێران و پاشکۆکانی پۆڵایی نە. ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل


ئەم بابەتە 81669 جار خوێندراوەتەوە