بەندئاوێکی گەورەی دیکە لە ئاکرێ درووست دەکرێت

پەیامی کورد   ...  بەندئاوێکی گەورەی دیکە لە ئاکرێ درووست دەکرێت

بەڕێوبەری ئاودێری ئاکرێ ووتی : بڕیارە ئەمساڵ لە سنووری قەزای ئاکرێ بەندئاوێکی گەورە درووست بکرێت کە ٣٣٠ملیۆن دۆلاری تێدەچێت زەوی سێ قەزا بەراو دەکات.
ئەندازیار ڕەمەزان شەریف، بەڕێوبەری ئاودێری ئاکرێ، ڕایگەیاند : بڕیارە جوانترین بەندئاوی قەبارە گەورە لە ھەرێمی کوردستان لە سنووری ئاکرێ لە باکورمان دروست بکرێت، ھەموو ڕێکارەکانی تەواو بوونە و بڕیارە بدرێتە کۆمپانیایەکی بیانی، بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیایەکی تورکی دەبێت، چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ وەرزی پاییز پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت.
ئەندازیار ڕەمەزان شەریف ووتیشی : تێچووی پڕۆژەکە ٣٣٠ملیۆن دۆلارە، ئەمە تەنیا تێچووی بەندئاوەکەیە جگە لە قەرەبووکردنەوە، چاوەڕێ دەکرێت پارەی ئەویش خەرج بکرێت، قەبارەی بەندئاوەکە ٤٩٠ملیۆن مەتر سێجایە و بەرزی ١١٢مەتر دەبیت، ٢٤ مێگەوات کارەبا بەرھەمی دەبێت و ٣٥ھەزار دۆنم زەوی لە ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش بەراو دەکات کە لە باکوورمان درووست دەکرێت، بەندئاوێکی دیکەش لە قەسرۆک درووست دەکرێت بۆ سوود وەرگرتن لە ئاوەکەی، بۆیە بە تەوابوونی ئەو بەندئاوە ھەرسێ قەزای ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش پێویستیان بە ئاوی ژێر زەوی و بیرەکان نامێنێت.
بەڕێوبەری ئاودێری ئاکرێ ڕوونیشی کردەوە: ئێستا کاری دیزاین و ڕێککەوتن و دابینکردنی بوودجە و دیاریکردنی شوێن  ھەمووی تەواو بووە و چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ لە وەرزی پاییز دەست بە پڕۆژەکە بکرێت.
ئەو بەندئاوە جگە لە کاری کشتوکاڵی سوودی زۆری بۆ کەرتی گەشتوگوزار و زیادبوونی ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی و بۆ ئاژڵداری و سامانی ماسی دەبێت.


ئەم بابەتە 27747 جار خوێندراوەتەوە