بەڕێوبەری گشتی بەندئاو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمی کوردستان : ئەمساڵ داھاتی سەرچاوەکانی ئاو کەمترە لە پار
پەیامی کورد ... بەڕێوبەری گشتی بەندئاو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمی کوردستان : ئەمساڵ داھاتی سەرچاوەکانی ئاو کەمترە لە پار
بەڕێوبەری گشتی بەندئاو و کۆگاکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ داھاتی سەرچاوەکانی ئاو بەھۆی کەمی بارانبارین تا ئەم ساتەوەختە کەمترە لە پار، بەڵام ھێشتا لە سەرەتای وەرزی زستانین، ئەگەری بارانبارین تا ناوەڕاستی مانگی پێنج ھەیە و پلانی کۆکردنەوەی ئاومان ھەیە.
عەبدولڕەحمان خانی، بەڕێوبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، ڕایگەیاند: ئاشکرایە ڕێژەی بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەمترە لە پار، داھاتی ئاو لە سەرچاوەکانی ئاو کەمترە، پار ڕێژەی بارانبارین تا ئەم ڕێککەوتە باشتر بوو لە زۆربەی ناوچەکان، هاوکات توانرابوو ڕێژەیەکی باش ئاو لە بەندئاوە گەورەکان بەتایبەتی دەربەندیخان، دوکان و دھۆک کۆبکرێتەوە.
خانی ووتیشی: ھێشتا سەرەتای وەرزی زستانە و تا ناوەڕاستی مانگی پێنج ئەگەری بارانبارین و ئەگەری زیادبوونی داھاتی ئاو لە سەرچاوەکانەوە ھەیە، ئێمەش وەک بەندئاوەکانی ھەرێمی کوردستان پلانمان ھەیە بۆ ئەوەی ئاوێکی زیاتر لە بەندئاوەکان کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ھاوین و پاییزی داھاتوو مسۆگەر بکەین.
ئەم بابەتە 100 جار خوێندراوەتەوە