بەڕێوبەری گشتی گواستنەوە و بەرھەمھێنانی کارەبا : بەرھەمھێنانی کارەبا لە ووزەی خۆر بەردەوام لە زیادبوون دایە

پەیامی کورد   ...  بەڕێوبەری گشتی گواستنەوە و بەرھەمھێنانی کارەبا : بەرھەمھێنانی کارەبا لە ووزەی خۆر بەردەوام لە زیادبوون دایە

بەڕێوبەری گشتی گواستنەوە و بەرھەمھێنانی کارەبا ووتی "بەرھەمی کارەبا لە ووزەی خۆر لە ھەرێمی کوردستان، بەردەوام لە زیادبوون دایە و گەیشتۆتە ٣٠ مێگەوات، ئەوەی کارەبا لە ووزەی خۆر بەرھەم بێنێت حکوومەت لە پارەی کارەبا ھاوکاری دەکات، بانکەکانیش پارە بە قەرز بە ھاووڵاتییان دەدەن بۆ ئەوەی کارەبا لە ووزەی خۆر بەرھەم  بێنن." 

فارس میرخان، بەڕێوبەری گشتی گواستنەوە و بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "لە سەرەتای ئەم  کابینەیە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەڵکی ھان دا بۆ ئەوەی کارەبا لە ووزەی خۆر بەرھەم بێنن، هەر کەس کارەبا لە ووزەی خۆر بەرھەم بێنێت فۆڕمێک پڕدەکاتەوە کە کارەبا لە ووزەی خۆر بەرھەم دێنێت، بۆیە ئەوەی مانگانە ٤٠٠ وەحدە بەکار بێنێت کە ٢٠٠ وەحدە سەرف دەکات و ئەوەی دیکە لە ووزەی خۆر سەرف دەکات تەنیا پارەی ٢٠٠ وەحدە دەدات، ئەوەی دیکەی لە کارەبای ووزەی خۆری بۆ دەگێڕدرێتەوە." 

فارس میرخان ووتیشی "ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ٣٠ مێگەوات کارەبا لە ووزەی خۆر بەرھەم دێت، ئەویش لە کەرتی تایبەت، ماڵان و کارگەکان، لەوانە دوو مێگاوات لە زانکۆی نەورۆز لە دھۆک و مێگەواتێک لە ھەولێر و دوومێگاوات لە کارگەی کۆکا کۆلا، بە گشتی گەیشتۆتە ٣٠ مێگەوات، ئێستاش لە ڕێگەی بانک و کۆمپانیا پارە بە خەڵک دەدرێت بە قیستی پێنج ساڵ بۆ ئەوەی کارەبا لە ووزەی خۆر بەرھەم بێنن، بۆیە ھەم حکوومەت ھاوکاری خەڵک دەکات، ھەم بانک پارە بە قەرز دەداتە ھاووڵاتییان، بۆ ئەوەی کارەبا لە ووزەی خۆر بەرھەم بێنن، لەبەر ئەوە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین کارەبا لە ووزەی خۆر بەرھەم بێنن، قازانجی باشی لێ دەکەن." 


ئەم بابەتە 28 جار خوێندراوەتەوە