بەیاننامەی هاوبەشی قەتەر، میسر و ئەمریکا سەبارەت بە دانووستانەکانی ئاگربەست لە غەززە

پەیامی کورد   ...   بەیاننامەی هاوبەشی قەتەر، میسر و ئەمریکا سەبارەت بە دانووستانەکانی ئاگربەست لە غەززە


هەرسێ ووڵاتی قەتەر، میسر و ئەمریکا دوای دانووستان سەبارەت بە گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی دیلەکان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

قەتەر، میسر و ئەمریکا دوای بەڕێوەچوونی ووتووێژ لە دۆحە بە ئامانجی پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕووسیا ئەلیوم، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لە دۆحە، بەرپرسانی باڵای حکوومەتەکانمان، وەک ناوبژیوان، سەرقاڵی دانووستانێکی بەرفراوان بوون بە ئامانجی ئەنجامدانی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی زیندانیان و… دەستگیرکراوەکان. ئەم دانووستانانە جیددی و بەرهەمدار بوون و لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوون.

لەم بەیاننامەیەدا ئەوەشی خستەڕوو: پێشتر ئەمریکا بە پاڵپشتی قەتەر و میسر، پێشنیارێکی بۆ هەردوولا کرد کە بۆشاییەکانی نێوان هەردوولا کەم دەکاتەوە و هاوتەریبە لەگەڵ ئەو بنەمایانەی کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٤ دامەزراندووە و بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش. 

لە ڕاگەێندراوەکەی هەرسێ ووڵاتدا هاتووە : ئەم پێشنیازە لەسەر ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنی هەفتەی ڕابردوو بۆنیات دەنرێت و بۆشایی یەکانی ماوەتەوە بە شێوەیەک پڕدەکاتەوە کە ڕێگە بە جێبەجێکردنی خێرای ڕێککەوتنەکە بدات.

لە ڕاگەێندراوەکەدا هاتووە: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تیمە تەکنیکییەکان کار لەسەر ووردەکارییەکانی جێبەجێکردن دەکەن، لەوانەش قۆناغەکانی جێبەجێکردنی بەشە مرۆییە گشتگیرەکانی ڕێککەوتنەکە و بەشەکانی پەیوەست بە زیندانیان و دەستبەسەرکراوان.

لە بەیاننامەی سێ وڵاتی نێوەندگیریدا ئاماژە بەوە کراوە: بەرپرسانی باڵای حکوومەتەکانمان بەر لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لە قاهیرە کۆدەبنەوە و هیوادارن بەپێی ئەو مەرجانەی ئەمڕۆ بەرزکراونەتەوە بگەنە ڕێککەوتن. وەک سەرۆکی سێ ووڵاتەکە هەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاند، ئیتر کاتێکی بەفیڕۆدان نامێنێت و هیچ بیانوویەک لە هیچ لایەنێکەوە قبوڵ ناکرێت بۆ ئەوەی پاساو بۆ دواکەوتنی زیاتر بهێنرێتەوە. کاتی ئازادکردنی زیندانیان و دەستبەسەرکراوان و دەستپێکردنی ئاگربەست و جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە هاتووە.

لە بەیاننامەی ئاماژەپێکراودا ڕاگەێندرا: ئێستا ڕێگای بەدیهێنانی ئەم ئەنجامە و ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی سڤیل و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە و هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە خۆشکراوە.


ئەم بابەتە 11229 جار خوێندراوەتەوە