بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت زەوی بەسەر خانەنشینانی سنووری ماددەی 140دا دابەش دەكرێت

پەیامی کورد    ...   بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت زەوی بەسەر خانەنشینانی سنووری ماددەی 140دا دابەش دەكرێت

پاڵپشت بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سنووری ماددەی 140ی دەستوور و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە، 28ی تەمووزی 2024، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیان مەسروور  بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی كردووە و ڕایسپاردووین بۆ ئەوەی كاری پێویست ئەنجام بدرێت، بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هەڵگری كارتی زانیاری ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستوور و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن.
وەك لە لاپەڕەی فەرمی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكوەزیران, ساسان عەونی دەڵێ: نووسراومان ئاراستەی گشت وەزارەت و دەستە و فەرمانگە و دامودەزگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە: "پاڵپشت بە ڕەزامەندی ڕێزدار جەنابی سەرۆكوەزیران، كاری پێویست ئەنجام بدەن و فۆڕمی زەوی بدەن بەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هەڵگری كارتی زانیاری ناوچەكانی ماددەی (140)ی دەستوور و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن و لەگەڵ لیستی وەزارەت و دەستە و فەرمانگە و دامودەزگانی نەبەستراو بە وەزارەت بەرز بكرێتەوە، دواتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار شوێنی وەرگرتنی زەوییان بۆ لە نزیكترین شوێنی نیشتەجێبوون یان بوونی زەوی بەردەست دەستنیشان دەكات".

ئەمەی خوارەوە دەقی نووسراوەكەیە:


ئەم بابەتە 14758 جار خوێندراوەتەوە