بە نوێنەرایەتی 15 زانکۆی ئاڵمانیا ژمارەیەک قوتابی گەیشتنە هەولێر

پەیامی کورد   ...   بە نوێنەرایەتی 15 زانکۆی ئاڵمانیا ژمارەیەک قوتابی گەیشتنە هەولێر

ژمارەیەک لە قوتابیانی ١٥ زانکۆی ئاڵمانیا بە گەشتێکی زانستی گەیشتنە ھەولێر و بڕیارە بە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دا بگەڕێن و دەخوازن ئاشنای مێژوو و کولتوور و شارستانییەتی کوردستان بن.

دووشەممە ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٥، ژمارەیەک لە قوتابیانی ١٥ زانکۆی ئاڵمانیا، بە گەشتێکی زانستی گەیشتنە ھەولێر و لە وێستگەیەکی سەردانەکەیان، لە فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەکە کۆبوونەوە.

قوتابیانی زانکۆکانی ئاڵمانیا لە بوارەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی و ڕامیاری و ڕۆژنامەگەری و ڕێکخراوەیی دەخوێنن، ماوەی ١٠ ڕۆژ لە ھەرێمی کوردستان بە ناوچە جیاوازەکاندا لە ھەڵەبجە و سلێمانی و دھۆک و لالش دا دەگەڕێن، دەیانەوێت ئاشنایەتی لەگەڵ کولتوور و شارستانییەت و مێژووی کورد دروستبکەن.

فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: قوتابیانی زانکۆکانی ئاڵمانیا لە سەردانەکەیان بۆ فەرمانگەکەیان چەندین پرسیاریان سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان و کاری ڕێکخراوەیی کردووە، ئەوانیش ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییە لۆکاڵی و نێودەوڵەتیەکانیان بە گرینگ نیشانداوە لە پێشخستنی کۆمەڵگە و خزمەتکردنی ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان.


ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە