ترامپ : ئێران ترساوە و حەز بە ووتووێژ دەکات

پەیامی کورد   ...   ترامپ : ئێران ترساوە و حەز بە ووتووێژ دەکات

سەرکۆماری ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە لەبری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران پێی باشترە لەگەڵ تاران بگەنە ڕێککەوتنی ئەتۆمی؛ هەروەها باسی لەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران "نیگەران و ترساون" و ئامادەن بۆ وتووێژ.

دۆناڵد ترامپ لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ''فاکس نیووز''، ڕایگەیاند: ''هەمووان پێیان وایە ئیسرائیل بە هاوکاری و ڕەزامەندی ئێمە هێرش دەکاتە سەر ئێران. من پێم باشە کە ئەمە ڕوو نەدات. من پێم باشە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ببینم.''

ترامپ هەروەها ئاماژەی بە لەدەستدانی بەربڵاوی بەرگری ئاسمانی ئێران و هەروەها بابەتی پەیجێرەکان کرد و ووتی کە ئێران نیگەران و ترساوە و زۆر حەزی لێیە بەبێ ئەوەی بۆردومان بکرێت، ڕێککەوتن بکات.

ترامپ بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران حەوت داواکاری داناوە و پێی ڕاگەیاندوون ئەگەر پابەندی نەبن ئیسرائیل لێیان دەدات  کە بریتین لە:

١-تەواوی ناوەندەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە سایتی ''یوو، سی  ئێف''ی ئێسفەهان یشەوە دەبێت دابخرێن.

٢- درووستكردنی هەر جۆرە مووشەكێكی كورتمەودا و درێژمەودا دەبێ ڕابگیرێت.

٣- میحوەری مقاومەت دەبێ بە تەواوی دابخرێت و بیر لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل نەكرێتەوە.

٤- دەبێ كۆی مووشەكەكانی باڵستیک و كرووزی ئێران لەناو ببرێن.

٥ـ  تەواوی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و پەرەپێدانی بەرنامەی فەزایی و سەتەلایتی ئێران دەبێت دابخرێن.

٦- ئەمریكا چاوەدێری هەمیشەیی دەبێت بە سەر چالاكی ئاشتییانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

٧- تەواوی زیندانییانی ئەمریكا و ئەورووپایی بێ هیچ مەرجێک دەبێت ئازاد بكرێن.
 


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە