ترامپ : بەم نزیکانە لەگەڵ پووتین کۆدەبمەوە.
پەیامی کورد ... ترامپ : بەم نزیکانە لەگەڵ پووتین کۆدەبمەوە.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڤلادێمیر پووتین سەرۆکی ڕوسیا دەیەوێت لەگەڵیدا کۆببێتەوە و کۆبوونەوەکەش پلانی بۆ دانراوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان خۆی و ڤلادێمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕێک دەخرێت، بەڵام هیچ خشتەیەکی کاتیی بۆ دانووستانەکان دیاری نەکردووە.
گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی لە ٢٠ی ژانویە، هیوای چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراین کە لە شوباتی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد، زیادکرد، بەڵام نیگەرانییەکانی لە کیێڤ درووستکرد کە ڕێککەوتنێکی خێرای ئاشتی ڕەنگە بە نرخێکی زۆر بۆ ئۆکرانیا بێ.
ڕاوێژکارانی ترامپ پێشنیاریان بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕە خستووەتەڕوو کە بە شێوەیەکی کاریگەر بەشێکی زۆری ئۆکراین ڕادەستی ڕووسیا دەکات.
ترامپ پێش چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزگارەکانی کۆمارییەکان لە مار ئا لاگۆ لە پاڵم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا بە ئاماژەدان بە پووتین ووتی: ئەو دەیەوێت کۆببێتەوە و ئێمە ڕێکدەخەین.
ترامپ سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین ووتی: سەرۆک پووتین دەیەوێت کۆببێتەوە. تەنانەت بە ئاشکرا ئەمەی وتووە و دەبێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنین. "ئەمە فەسادێکی خوێناوییە."
لە سەرەتای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین ، ئەمریکا بە سەرکردایەتی جۆ بایدن، سەرۆکی دیموکراتەکان، زیاتر لە ١٧٥ ملیار دۆلاری وەک هاوکاری پێشکەش بە ئۆکراین کردووە، کە زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار هاوکاری ئەمنیشی تێدایە. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ئەم هاوکارییە لە سەردەمی ترامپ دا بەم خێراییە بەردەوام دەبێت یان نا، کە ترامپ ڕایگەیاندووە دەیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
دیمیتری پێسکۆڤ ووتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند، پووتین پێشوازی لە ئامادەیی ترامپ دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەو پەیوەندییە، بەڵام تا ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمی نەبووە. پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، باشترە سەرەتا چاوەڕێی دەست بەکاربوونی ترامپ بکرێت.
ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، ترامپ دەتوانێت یەکلاکەرەوە بێت لە دەرئەنجامی شەڕی 34 مانگ لەگەڵ ڕووسیا و یارمەتی ڕاگرتنی پووتین بدات.
ئەم بابەتە 75 جار خوێندراوەتەوە