ترامپ بەنیازە سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیۆ وەک وەزیری دەرەوە لە ئیدارەی داهاتووی دا کاندید بکات
پەیامی کورد ... ترامپ بەنیازە سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیۆ وەک وەزیری دەرەوە لە ئیدارەی داهاتووی دا کاندید بکات
پێدەچێت ترامپ تەنها چەند ڕۆژێک دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دا حکوومەتەکەی پێک بهێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتێک ڕۆیتەرز نووسیویەتی: چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترامپ سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیۆ وەک وەزیری دەرەوەی ووڵاتەکەی هەڵبژێرێت. ئەگەر هەواڵی سەرچاوە ئاگادارەکان ڕاست بێت و ئەمە ڕووبدات، ئەوە یەکەم جارە کەسێکی لاتین وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دادەمەزرێت.
بەبێ گومان ڕۆبیۆ تووندڕەوترین هەڵبژاردە لە لیستی ترامپ بۆ وەزارەتی دەرەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا پشتگیری لە سیاسەتێکی تووندی دەرەکی کردووە لە دژی دوژمنە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ئەمریکا، لەوانە چین، ئێران و کووبا. بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەندێک لە هەڵوێستەکانی نەرمتر کردووە بۆ ئەوەی زیاتر لەگەڵ بۆچوونەکانی ترامپ دا بگونجێت. سەرۆکی هەڵبژێردراو سەرۆکەکانی ڕابردووی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات کە ئەمریکایان بردە ناو شەڕێکی تێچووی زۆر و بێ مانا و ئەو کەسەیە کە پلانی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکان بەتایبەت لە ئۆکراین و غەززە دادەڕێژێت. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ڕووبیۆ بە مێژووی تووندڕەوییەکەیەوە، توانای جێبەجێکردنی ئەو بانگەشەی ترامپ ی هەیە یان نا.
ڕۆبیۆ تەمەن 53 ساڵ، لە چاوپێکەوتنەکانی ئەم دوایی یەدا ڕایگەیاندووە، ئۆکراین پێویستە بە دوای چارەسەری دانووستان لەگەڵ ڕووسیادا بگەڕێت، لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەرجەم ئەو ناوچانە بێت کە ڕووسیا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گرتووە. هەروەها یەکێک بوو لەو ١٥ سیناتۆرە کۆماریخوازانەی کە دەنگیان بە پاکێجی هاوکاری سەربازی ٩٥ ملیار دۆلاری بۆ ئۆکراین دا کە لە مانگی نیساندا پەسەندکرا.
ڕۆبیۆ لە مانگی ئەیلوول دا بە کەناڵی NBCی ڕاگەیاندووە، "من لە لایەن ڕووسیا نیم - بەڵام بەداخەوە ڕاستییەکە ئەوەیە کە شێوازی کۆتایی هاتنی شەڕ لە ئۆکراین بە دانووستان کۆتایی دێت".
ڕۆبیۆ کە باپیرەی لە ساڵی ١٩٦٢ لە کووبا هەڵاتووە، هەروەها نەیارێکی ڕاشکاوانە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی کووبا.
لە هەواڵێکی دیکەدا سەبارەت بە تیمی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ، دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایانگەیاندووە کە ترامپ مایک واڵتز، نوێنەری کۆمارییەکانی وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هەڵبژاردووە. والتز، دڵسۆزی ترامپ کە هاوکات وەک عەقید لە پاسەوانی نیشتمانی دا کاری کردووە، ڕەخنەی لە چالاکییەکانی چین لە ئاسیا و زەریای هێمن گرتووە و جەختی لە ئامادەیی ئەمریکا کردووەتەوە بۆ ئامادەکاری بۆ ئەگەری ململانێ لە ناوچەکەدا.
ئەم بابەتە 36 جار خوێندراوەتەوە