ترامپ : زێلێنسکی لە شەڕدا دۆڕاوە / شی دەزانێت من شێتم
پەیامی کورد ... ترامپ : زێلێنسکی لە شەڕدا دۆڕاوە / شی دەزانێت من شێتم
دۆناڵد ترامپ پێی وایە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین لە شەڕی لەگەڵ ڕووسیا "دۆڕاوە".
هەروەها دۆناڵد ترامپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی لە پلەی یەکەمدا "هاندانی" شەڕەکە بووە.
دۆناڵد ترامپ لە پۆدکاستەکەی کەناڵی PBD ووتی: ئەو دۆڕاوە لەم شەڕەدا، ڕەخنەی لە زێلێنسکی گرت و بە "فرۆشیارێکی گەورە" دەزانێت کە چەندین جار بە ملیارەها دۆلار هاوکاری ئەمریکای وەرگرتووە بەبێ ئەوەی براوە بێت.
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، ئەوا دەکرا ئەم ململانێیە دوور بخرێتەوە.
ترامپ هەروەها بایدنی بە هۆکاری پەرەسەندنی گرژییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بە تاوانبار زانی و بانگەشەی کرد کە لێدوانەکانی پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی مۆسکۆ "تەواو پێچەوانەی" ئەو شتانەی کە دەبوو بووترێ.
هەروەها متمانەی خۆی دەربڕی کە ئەگەر لەسەر دەنگدانی مانگی نۆڤەمبەر بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، دەتوانێت بە خێرایی کێشەکە چارەسەر بکات.
سەرەڕای ڕەخنەی لە بایدن، ترامپ هاوسۆزی خۆی بۆ ئۆکراین و گەلەکەی دەربڕی، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە دەبوو زێلێنسکی هەنگاوەکانی بۆ ڕێگریکردن لە ململانێ لەگەڵ مۆسکۆ بنابا. هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر هیچ شتێک نەکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە، ئەوا شەڕەکە خراپتر دەبێت، تەنانەت ئەگەری هەیە جەنگی جیهانی سێیەمیش هەڵگیرسێنێت.
ووتیشی : ئەگەر سەیری ئەو قسانەی بایدن بکەیت [لە پێش ململانێیەکان]، ئەوە تەواو پێچەوانەی ئەو شتانە بوو کە دەبوو بیڵێت. "بایدن سووتەمەنی ئەو شەڕەی دا... پووتین فریشتە نییە، بەڵام هەموو ئەو شتانەی بایدن وتوویانە هەڵە بوون".
ناوبراو سەبارەت بە ململانێی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا وتی: هەرگیز نەدەبوو ئەمە ڕووبدات. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرکردەی ئۆکرانیا یەکێکە لە گەورەترین فرۆشیارەکان کە تا ئێستا بینیومە. هەر جارێک دەچێتە ناو ئەمریکا سەد ملیار دۆلاری پێدەدەین. کێی تر لە مێژوودا ئەو جۆرە پارەیەی پەیدا کردووە؟ بەو مانایە نییە کە من نامەوێت یارمەتی بدەم چونکە هەست بە خراپیی ئەو خەڵکە ئۆکرانیایانە دەکەم. بەڵام زێلێنسکی هەرگیز نەدەبوو ڕێگە بدات ئەم شەڕە دەست پێ بکات. ئەو لەم شەڕەدا دۆڕاوە”.
ترامپ جەختی لەوە کردەوە: بەهۆی کردەوەکانی ئیدارەی بایدن، ئەمریکا لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی ڕێزی لێناگیرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا لەگەڵ زێلێنسکی لە نیویۆرک کۆبوومەوە"، بەبێ ئەوەی ووردەکارییەکی ورد لەسەر ئەوە بخاتەڕوو کە چۆن هەوڵ دەدات لایەنەکان ڕازی بکات کە شەڕەکان ڕابگرن. "پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ پووتین و زێلێنسکی هەیە".
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ترامپ بانگەشەی خۆی دووپاتکردەوە کە ئەگەر هێشتا لە پۆستەکەیدا بوایە، ڤلادێمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا هێرشی نەدەکردە سەر ئۆکراین .
ئەم بابەتە 12901 جار خوێندراوەتەوە