ترامپ فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا دەدات!

پەیامی کورد   ...   ترامپ فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا دەدات!

دوای ئەوەی ڕەخنەی لە خەرجییەکانی خوێندن گرت، هاوتەریب لەگەڵ سیاسەت و فەرمانەکانی کە ناڕەزایەتی کەرتە جیاوازەکانی ووڵاتەکەی لێکەوتەوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە کاتی ناوخۆی ئەمریکا فەرمانی جێبەجێکردنی واژۆکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە کاتی ناوخۆی کۆشکی سپی، فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردەی لە کۆشکی سپی واژوو کردووە، لە کاتێکدا خوێندکاران لە دەورووبەری ئامادەبوون و پێیان ووتراوە ڕەفتارەکانی ترامپ دووبارە بکەنەوە.

لە مەراسیمی واژووکردنی ئەم فەرمانەدا، ترامپ ڕایگەیاند کە بەم سیاسەتە پەروەردە "زۆر زۆر باشتر دەبێت". دڵنیام دەوڵەتانی ئەمریکا دوای نەهێشتنی وەزارەتی پەروەردە لە بواری پەروەردەدا باشتر دەبن.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە: "لە دەرەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان، هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرینەبەر بۆ داخستنی وەزارەتی پەروەردە".
سەرۆکی ئەمریکا بە لیندا مەکماهۆن، وەزیری پەروەردەی ووڵاتەکەی کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، گوتی، ئەو بەرپرسە لەو بابەتانەی کە زۆر گرنگن و کاتێک ئەم پرۆسەیە تەواو بوو، بەرپرسیارییەتییەکی دیکە بۆ خۆی دەدۆزێتەوە.

ترامپ بە وەزیری پەروەردەی ئەمریکای ووت: کارێکی خەیاڵی ئەنجام دەدەیت. هیوادارم بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێ نەبن. بەڵام شتێکی ترت بۆ دەدۆزینەوە لیندا.

هەروەها کارۆلین لیڤیت، ووتەبێژی کۆشکی سپی پشتگیری لە فەرمانەکەی ترامپ کرد و ڕایگەیاند، واژووکردنی فەرمانی جێبەجێکردن لەلایەن سەرۆکەوە، لە بنەڕەتدا قەبارەی وەزارەتی پەروەردە کەم دەکاتەوە.

ووتەبێژی ئیدارەی ترامپ ڕایگەیاند: ئەم کارە بەشێکە لە پلانی ترامپ بۆ چاکسازی لە پێکهاتەی حکوومەتی ئەمریکادا.

هەروەها ووتی وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو بچووکتر دەبێت، بەڵام بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی قەرزی خوێندکاران و هاوکاری دارایی.

ووتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەرکە گرینگەکانی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبن و دەشڵێت: پێویست ناکات لە ماوەی چەند دەیەیەکدا زیاتر لە ٣ تریلیۆن دۆلار خەرج بکەین بۆ ئەو بەشانەی کە بە ڕوونی لە مەبەستی سەرەتایی خۆیان بۆ پەروەردەکردنی خوێندکارەکانمان شکستیان هێناوە.

وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا یەکێکە لە دامودەزگا حکوومییە بچووکەکانی ئەو ووڵاتە، کە سێ هەزار و 100 کارمەند لە واشینتۆن و هەزار و 100 کارمەندی دیکەش لە فەرمانگە هەرێمییەکاندان.

وەزارەتی پەروەردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە بەشێک لە چالاکییەکانی، وەک دابەشکردنی هاوکاری حکوومەتی فیدراڵی بەسەر قوتابخانەکان و بەڕێوەبردنی قەرزی خوێندکاران.

دەرکردنی کارمەندانی وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا، بەشێکە لە هەوڵەکانی ترامپ بۆ بچووککردنەوەی حکوومەتی فیدراڵی. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت هەزاران کرێکاری بەشی کاروباری پێشمەرگە دێرینەکان، ئیدارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دەزگاکانی دیکە لە کارەکانیان دووربخرێنەوە.


ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە