ترامپ : كۆتایی بە جەنگی ئۆكراین دەهێنم
پەیامی کورد ... ترامپ : كۆتایی بە جەنگی ئۆكراین دەهێنم
دۆناڵد ترامپ، كاندیدی كۆمارییەكان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەو پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ڤلادێمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا هەیە و ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، ئەوە كێشەی نێوان ئۆكراین و ڕووسیا چارەسەر دەكات و كۆتایی بە جەنگ دەهێنێت.
دۆناڵد ترامپ، هەینی دوا كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ڤۆڵۆدێمیر زلێنسكی، سەرۆكی ئۆكراین لە میانەی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڤلادێمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا هەیە و هەروەها ئەوان پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەیە لەگەڵ سەرۆكی ئۆكراین هەیە.
ئاماژەی بەوەش كرد، "ئەگەر سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی 5ی (تشرینی دوەمی/11)ی ئەمساڵ بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا بەدەست بهێنم، ئەوە زۆر بەخێرایی ئەو پرسە (جەنگی ئۆكراین) چارەسەر دەکەم".
هاوكات لای خۆیەوە ڤۆڵۆدێمیر زلێنسكی، سەرۆكی ئۆكراین بە ڕۆژنامەنوسانی ڕایگەیاند، دەیەوێت باس لە "پلانی سەرکەوتن" بکات کە ئۆکراین لەگەڵ ترامپ دایڕشتوە.
دیدارەکەی ترامپ لەگەڵ زلێنسکی دوای ئەوە دێت کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ترامپ ڕەخنەی لە سەرۆکی ئۆکراین گرت، هەروەها گومانی لە توانای ئۆکراین دەربڕی بۆ سەرکەوتن لە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا.
ئەوە لەكاتێك دایە پێنج شەممە، ڤۆڵۆدێمیر زلێنسكی سەردانی ئەمریکای كرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ هەریەكە لە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریكا و کامالا هاریس جێگری سەرۆک و کاندیدی دیموکراتەكان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەو ووڵاتە کۆبوەوە.
ئەم بابەتە 45251 جار خوێندراوەتەوە