ترامپ میواندارییەکی دیکەی فۆکس نیووزی کرد بە سکرتێری خۆی
پەیامی کورد ... ترامپ میواندارییەکی دیکەی فۆکس نیووزی کرد بە سکرتێری خۆی
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، شۆن دافی، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی ویلایەتی ویسکۆنسێن و بێژەری هەواڵە ئابوورییەکانی فۆکس نیوزی وەک وەزیری گواستنەوەی ئیدارەکەی هەڵبژارد.
ئەمە دووەم وەزیرە کە ترامپ لە بێژەری فۆکس نیووز کاندید دەکات. هەفتەی ڕابردوو ترامپ پیت هێگست، پێشکەشکارێکی دیکەی فۆکس نیوزی وەک وەزیری بەرگری کاندید کرد.
ئەگەر دافی پشتڕاست کرایەوە، ئەوا هەڵسەنگاندن و سەرپەرشتی هەموو سیاسەتەکانی فڕۆکەوانی و ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر و گواستنەوەی دیکە دەکات لە وەزارەتێکدا کە بوودجەی نزیکەی ١١٠ ملیار دۆلاری هەیە.
دافی لە پۆستێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەدا نووسیویەتی: زۆر خۆشحاڵم کە لە سەردەمی زێڕینی گواستنەوەدا یارمەتیتان دەدەم.
هاوکات دۆناڵد ترامپ پێشتر بەڵێنی داوە کە یاساکانی دەردانی گازی ژەهرئاوی ئۆتۆمبێل لە ئیدارەی بایدن بگۆڕێت. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بەنیازە دەست بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێسا تووندەکانی دەردانی گازی گەرمخانەیی ئیدارەی بایدن بکات کە سەرەتای ئەمساڵ کۆتایی پێهاتبوو، هەر کە هاتە ناو کۆشکی سپی. بەپێی ئەم یاسایانە سنووری دەردانی گازی گەرمخانەیی لە ئاستی ساڵی 2026 تا ساڵی 2032 بە ڕێژەی 50% کەم دەکرێتەوە و بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلیش دەبێت ئۆتۆمبێلی کارەبای زیاتر بەرهەمبهێنن.
ترامپ سەبارەت بە هەڵبژاردنی شۆن دافی ووتی: لە کاتی دووبارە درووستکردنەوەی ڕێگاوبان و توونێل و پرد و فڕۆکەخانەکاندا کێبڕکێ و لێهاتوویی و باشی و جوانی لە پێشینەی کارەکانیدایە. گەرەنتی ئەوە دەدات کە بەندەر و بەندئاوەکان خزمەت بە ئابووری ئێمە دەکەن بەبێ ئەوەی ئاسایشی نیشتمانی بخەنە مەترسییەوە.
دافی بەرپرسیارە لە سەرپەرشتیکردنی کۆمپانیاکانی ئیلۆن ماسک، لەنێویاندا کۆمپانیای تێسلا بۆ درووستکردنی ئۆتۆمبێلی خۆ لێخوڕین. لە ئێستادا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیای درووستکردنی ئۆتۆمبێل دەکات، لە کاتێکدا ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی بەدوای غەرامەکردنی کۆمپانیای سپەیس ئێکسدایە بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی بۆشایی ئاسمان.
جگە لەوەش بەرپرسیارە لە هەڵسەنگاندن و سەرپەرشتیکردنی بوودجەی ملیارەها دۆلار بۆ شەمەندەفەرە خێراکان و پڕۆژەکانی شەمەندەفەری نیشتمانی.
ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوا ڕووبەڕووی چەندین تەحەدا دەبێتەوە. نەبوونی بەردەوامی کۆنترۆڵکەرەکان بووەتە هۆی دواکەوتنی فڕینی فڕۆکەکان و ڕوودانی زنجیرەیەک ڕووداوی ئاسمانی لە هەندێک فڕۆکەی نەفەر هەڵگر نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
هەڵبژاردنی سای دافی وەک وەزیری گواستنەوە، یەکەم هەڵبژاردنی مشتومڕئاوی ترامپ نییە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دا. هەفتەی ڕابردوو پیت هێگست، بێژەری فۆکس نیوزی وەک وەزیری بەرگری کاندید کرد. هەروەها ترامپ ڕۆبێرت کێنێدی جونیۆری چالاکوانی دژە ڤاکسین وەک وەزیری تەندرووستی هەڵبژارد. جگە لەوەش هەڵبژاردنی مات گەیتس، کە مێژوویەکی تۆمەتی ئەخلاقی هەیە، وەک داواکاری گشتی، مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، تەنانەت لەنێو کۆمارییەکانیشدا.
ئەم بابەتە 21 جار خوێندراوەتەوە