ترامپ: نامەوێت دیداری بێ کەڵک لەگەڵ پووتین بكەم
پەیامی کورد ... ترامپ: نامەوێت دیداری بێ کەڵک لەگەڵ پووتین بكەم
ڕۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادێمیر پووتین سەرۆکی ڕوسیا لە هەنگاریا دوادەخات، چوونکە نایەوێت "کۆبوونەوەیەکی بێ کەڵک" ئەنجام بدات.
پێشتر کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردبووەوە، دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی سەرەتایی نێوان ڕاوێژکارە باڵاکانی سیاسەتی دەرەوەی هەردوو ووڵات، پێدەچێت کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەمریکا و ڕووسیا لە بووداپێست دوابخرێت.
لەبەرامبەردا، کریل دیمیتریف، نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ وەبەرهێنان و هاوکاری ئابووری، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ ئەو دیدارە هێشتا بەردەوامن.
ترامپ هەفتەی ڕابردوو دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پووتین ڕایگەیاند، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤی هاوتا ڕووسییەکەی بەهەمان شێوە دیداریان دەبێت.
هەر لەم پەیوەندییەدا، بەپێی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە ناوی نەهێندراوە ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکە بۆ ئێستا ڕاگیراوە.
ئەم بابەتە 17 جار خوێندراوەتەوە