ترامپ هەوڵ دەدات ئەپی تیک تۆک لە ئەمریکا ڕزگار بکات

پەیامی کورد   ...    ترامپ هەوڵ دەدات ئەپی تیک تۆک لە ئەمریکا ڕزگار بکات

ترامپ داوای لە دادگای باڵای ئەمریکا کرد ئەو وادەیەی بۆ فرۆشتنی تیک تۆک دیاری کراوە دوابخات. ئەپەکە بەهۆی نیگەرانی ئەمنیەوە قەدەغە دەکرێت ئەگەر بە خاوەنێکی نوێ نەفرۆشرێت.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا داوای لە دادگای باڵای ووڵاتەکەی کرد، ڕێگری لە یاسایەک بکات کە فرۆشتنی تیک تۆک بە فەرمانی جێبەجێ بکات. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە دەتوانێت دانووستان بکات بۆ ڕزگارکردنی پلاتفۆرمەکە لە هەمان کاتدا چارەسەری نیگەرانییە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئەمریکا دەکات.

بەپێی یاسایەک کە لە مانگی نیسانەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت تیک تۆک تا ١٩ی جانیوەری خاوەندارییەتی بگۆڕێت، ئەگەرنا ئەپەکە لە بازاڕەکانی ئەمریکا لادەبرێت و دەستڕاگەیشتن بە ژێرخانەکانی دەبڕدرێت.

دادگای باڵا لە 10ی جانیوەری دانیشتنێک لەسەر دۆسیەکە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی دیاری بکات کە ئایا یاسای گۆڕینی خاوەندارییەتی پێشێلکردنی مافی ئازادی قسەکردنە کە لە دەستووری ئەمریکادا گەرەنتی کراوە یان نا.

تا ئێستا تیک تۆک لە دادگا دۆڕاوە. ترامپ کە لە ٢٠ی مانگی یەکدا دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا هەوڵیدا تیک تۆک ناچار بکات بیفرۆشێت، بەڵام شکستی هێنا. بەڵام لەم دواییانەدا دژایەتی خۆی بۆ قەدەغەکردنی ئەپەکە ڕاگەیاند، هەرچەندە ناتوانێت بە شێوەیەکی شەخسی یاساکە هەڵبوەشێنێتەوە.

کۆمپانیای تیک تۆک خاوەندارییەتی کۆمپانیای بایتدانسی چینی یە و ڕووبەڕووی تۆمەتی ئەوە دەبێتەوە کە چین دەتوانێت ئەو ئەپە بەکاربهێنێت بۆ دەست گەیشتن بە داتای بەکارهێنەرانی ئەمریکی. ئەم پلاتفۆرمە نزیکەی ١٧٠ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لە ئەمریکا.


ئەم بابەتە 83 جار خوێندراوەتەوە