ترودۆ دوای پێکدادانی ترامپ و زێلنسکی پشتیوانی ئۆکراین دەکات

پەیامی کورد   ...   ترودۆ دوای پێکدادانی ترامپ و زێلنسکی پشتیوانی ئۆکراین دەکات

جاستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند کە ئۆکراینییەکان بە “ئازایەتی و کۆڵنەدان” دژی ڕووسیا شەڕیان کردووە؛ ووڵاتێک کە "بە شێوەیەکی نایاسایی و ناڕەوا ئۆکراینی داگیرکرد". ئەو ووتانەی ناوبراو دوای مشتومڕێکی گەرمی نێوان دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا و ڤلۆدێمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین هات لە 28ی شوبات لە واشینتۆن.

ترودۆ لە بەیاننامەیەکدا اوتی: شەڕی ئەوان بۆ دیموکراسی و ئازادی و سەروەری نەتەوەیی، شەڕێکە بۆ هەموومان گرینگە. "کەنەدا بەردەوام دەبێت لە وەستانەوە لەگەڵ ئۆکراین و گەلی ئۆکراین بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام".

زێلێنسکی لە ٢٨ی شوبات لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترامپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا لەنێویاندا جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و ڕێککەوتنێک واژوو کرد کە ڕێگە بە ئەمریکا دەدات دەستی بگات بە کانزاکانی زەوی دەگمەنی ئۆکرانیا لە بەرامبەر پشتیوانی ئەمریکادا.

بەڵام لە ڕەوتی ووڵامدانەوەی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسان، ناکۆکی هەردوو سەرکردە لەسەر پابەندبوونە ئەمنییەکان دەرکەوت. ترامپ ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە پێداگری گشتی زێلێنسکی لەسەر وەرگرتنی گەرەنتی ئەمنی لە ئەمریکا لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لەگەڵ ڕووسیا.

زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە ڕووسیا لە ڕابردوودا چەندین جار ڕێککەوتنەکانی ئاگربەستی پێشێل کردووە و ڕەخنەی لە ئارگۆمێنتەکەی جەی دی ڤانس گرت کە جەختی لەسەر دیپلۆماسی کردووەتەوە.

لە بەرامبەردا ڤانس ووتی "بێڕێزیکردنە" بۆ سەرۆکی ئۆکراین کە "هاتە ئۆفیسی ئۆڤاڵ و هەوڵی ورووژاندنی ئەم بابەتە لەبەردەم میدیاکانی ئەمریکادا"، ئاماژەی بەوەشکرد، زێلێنسکی پێزانینی پێویست بۆ هاوکارییەکانی ئەمریکا نیشان نادات.

ترامپ هەروەها زێلێنسکی بە "قومارکردن لەسەر جەنگی جیهانی سێیەم" تۆمەتبار کرد و هۆشداریشی دا لەوەی کە ئەگەری هەیە پشتیوانی ئەمریکا لەدەست بدات.

کاربەدەستانی کۆشکی سپی ڕایانگەیاند کە دوای کۆبوونەوەی گرژی، داوا لە زێلێنسکی کرا کە کۆشکی سپی بەجێ بهێڵێت.

دواتر ترامپ لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاند کە زێلێنسکی هێشتا ئامادە نییە بۆ ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ئۆکراین دەتوانێت بگەڕێتەوە کاتێک "ئامادەیە بۆ ئاشتی".

دوای کۆبوونەوەکە، زێلێنسکی لە سۆشیال میدیا سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ هاوکارییەکانی.

ناوبراو نووسیویەتی: ئۆکرانیا پێویستی بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام هەیە، ئێمەش کاردەکەین بۆ ئەوەی ڕێک ئەوە بەدەست بهێنین.

سەرکردەکانی ئەورووپا هاتنە بەرگری لە زێلێنسکی و بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە ئەوان لە تەنیشت ئۆکراین وەستاون. هەروەها زێلێنسکی پشتگیرییەکانی ئەوانی بەرز نرخاند و لە ووڵامی ترودۆ و کەسانی دیکە لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی : سوپاس بۆ پشتگیرییەکانتان.

هەروەها مێلانیا جۆلی وەزیری دەرەوەی کەنەدا لێدوانی لەسەر ئەو پرسە دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێک بۆ ئۆکراین دەبێت گەرەنتی ئەمنی لەخۆ بگرێت بۆ ئەوەی ڕووسیا و چین لە هێرشکردنە سەر ووڵاتانی دیکە ڕابگرن.

جۆلی لە ڤانکۆڤەر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ووتی: ئێمە دەزانین کە ڕێککەوتنێکی خراپ دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنی بۆ زۆرێک لە ووڵاتان هەبێت، بەڵام بە تایبەتی دەرفەتێک دەبێت بۆ سەرۆک پووتین کە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان و ئێمە بقۆزێتەوە.

جوولی زیادی کرد: هەر بۆیە بەردەوام دەبین لە بەشداریکردن. لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپییەکان ڕێککەوتووین کە ئۆکراین پێویستی بە گەرەنتی ئەمنی هەیە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "چۆنیەتی پێناسەکردنی ئەم گەرەنتییە ئەمنییانە لە ناوەندی ئەو گفتوگۆ دیپلۆماسیانەیە کە ئەنجامی دەدەین".

هەروەها پیێر پۆیلێر، سەرۆکی پارتی پارێزگارانی کەنەدا ووڵامی ڕووداوەکەی دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە بە تووندی لە بەرگریکردن لە ئۆکراین لە بەرامبەر "لەشکرکێشی نایاسایی ڤلادێمیر پووتین" دەوەستێت.

ناوبراو زیادی کرد: هەروەها بە تووندی لەو باوەڕەدام کە داهاتووی ئۆکراین دەبێ لە لایەن گەلی ئۆکراین دیاری بکرێت.


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە