تێكشكاندنی دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەکی حووسییەکان لە لایەن ئەمریكاوە

پەیامی کورد   ...   تێكشكاندنی دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەکی حووسییەکان لە لایەن ئەمریكاوە

ستادی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، سێنتکام ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەکی کرووزی حووسییەکان كە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، تێک شکاندووە.

سێنتکام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس دا نووسیویەتی : لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بە سەرکەوتووییەوە دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەکی کرووزی دژەکەشتییان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانی یەمەندا تێک شکاندووە.

سێنتکام جەختی کردوەتەوە کە ئەم سەکۆیانە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە بوون.

ناوەندی فەرماندەیی دەریایی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە ئەم کارە بۆ پاراستنی ئازادی دەریاوانی و پاراستنی ئەمنییەتی ئاوە نێونەتەوەییەکان بۆ هێزە دەریاییەکەی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان بووە.


ئەم بابەتە 34569 جار خوێندراوەتەوە