جارێکی دیکە گەشتی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی تاکەر کارلسۆن بۆ ڕووسیا، ئەم جارەیان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ لاڤرۆڤ

پەیامی کورد   ...   جارێکی دیکە گەشتی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی تاکەر کارلسۆن بۆ ڕووسیا، ئەم جارەیان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ لاڤرۆڤ

تاکەر کارلسۆن : جیهان لە شەڕی ئەتۆمی نزیک دەبێتەوە
ئەو ڕۆژنامەنووسە بەناوبانگە ئەمریکییە کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گەیشتە مۆسکۆ، هۆشداریی دا کە ئێستا جیهان "نزیکترە" لە شەڕی ئەتۆمی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ، "تاکەر کارلسۆن"، پێشکەشکاری بەناوبانگی پێشووی کەناڵی فۆکس نیوز، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: ئێستا جیهان لە هەموو کاتێک نزیکتر بووەتەوە لە شەڕی ئەتۆمی، چوونکە ئەمریکا سەرقاڵی شەڕێکی گەرمە لەگەڵدا ڕووسیا." و زۆربەی ئەمریکییەکان لەم شتە تێناگەن."

بەگوێرەی ئاژانسی تاس، ئەم ڕۆژنامەنووسە بەناوبانگە ئەمریکییە زیادی کردووە: زۆربەی ئەمریکییەکان نەزانترین کەسن و تەنانەت نازانن کە ئێمە لە شەڕێکی گەرم و شەڕێکی ڕانەگەیەندراوداین لەگەڵ ڕووسیا؛ "جەنگێک کە ئێمە لەگەڵیدا نین و زۆربەی ئەمریکییەکان نایانەوێت".

ناوبراو بە ئاماژەدان بە شەڕی ئۆکراین و کردەوەی گرژی درووستکەری ئەمریکا لەم شەڕەدا ڕایگەیاند: ڕاستییەکە ئەوەیە کە سوپای ئەمریکا ڕاست لە ڕووسیا ڕووسەکان دەکوژێت و ئێستا لە هەموو کاتێک لە شەڕی ئەتۆمی نزیکتر بووین لە مێژوودا، تەنانەت "نزیکتر لەوەی کە لە کاتی قەیرانی مووشەکی کوبادا بووین".

کارلسۆن پێی وایە هیچ کەسێک لە واشینتۆن هەوڵ نادات ڕێگری بکات لەوەی ئەم شەڕە بگۆڕێت بۆ "هۆلۆکۆستی ئەتۆمی".

ئاماژەی بەوەش کرد : "ئانتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەموو پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ئەمریکا و ڕووسیای پچڕاندووە و هیچ پەیوەندییەکی پشت پەردە و نافەرمی نییە. "زیاتر لە ٢ ساڵە هیچ گفتوگۆیەک ئەنجام نەدراوە".

ئەم ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییە بە ئاماژەدان بە پرسی مووشەکی دوورمەودای ئەمریکی و ئەو مووڵەتەی کە حکوومەتی ئێستای جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بۆ ئۆکراین دەرچووە بۆ بەکارهێنانیان لە هێرشێکدا بۆ قوڵایی خاکی ڕووسیا، ووتی: ئەم گرژییانە دوای ئەو مووڵەتە گەیشتوونەتە لوتکە لە حکومەتی بایدن." is."

دوابەدوای ڕێککەوتنی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوای ئۆکراین لەگەڵ بەکارهێنانی مووشەکی دوور مەودای ووڵاتەکەی وەک "ئاتکۆمز "ی ئەمریکی و "تۆرم سێبەری" بەریتانیا، شەڕی ئۆکراین کە لە زستانی ئەمساڵ دا دەچێتە سێیەم ساڵی خۆیەوە، پێی ناوە قۆناغێکی نوێ لە گرژییەکان.

ئەم پێشهاتانە و پەرەسەندنی گرژییەکانی شەڕی ئۆکراین لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند مانگێکە ڕووسیا هۆشداری دەداتە ڕۆژئاوا کە ئەگەر واشینتۆن ڕێگە بە ئۆکراین بدات مووشەکی ئەمریکی و بەریتانیا و فەرەنسی لە قوڵایی ڕووسیادا تەقێنێتەوە، مۆسکۆ ئەو ئەندامانەی ناتۆ بە ڕاستەوخۆ بە تێوەگلان دەزانێت لە شەڕی ئۆکراین دا. ڤلادێمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، مۆسکۆ بە چەکی درووستکراوی ئەمریکا لە قوڵایی ڕووسیا ووڵامی هێرشەکانی ئۆکراین دەداتەوە.

بەم زووانە چاوپێکەوتنەکەی کارلسۆن لەگەڵ لاڤرۆڤ بڵاودەکرێتەوە
ئەم پێشکەشکارەی پێشووی کەناڵی فۆکس نیوز کە پێشتر چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ئەنجام دابوو، ئەمجارەیان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جارێکی دیکە هاتەوە ناو مۆسکۆ.

کارلسۆن ووتی : دوێنێ گەیشتینە مۆسکۆ بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا. ئێمە چاوپێکەوتنەکەمان کردووە. بەڕاستی زۆر نایاب و بەم زووانە بڵاودەکرێتەوە”.

وتی: پرسیارمان لێکرد بەڕاستی لە کوێین؟ ئایا بەرەو ململانێیەکی بێ وێنەی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دەڕۆین؟ ئایا ڕێگایەک هەیە بۆ جیاکردنەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵات و لە کاریگەری چین و گەڕاندنەوەی بۆ ڕۆژئاوا؟ ئایا ئەم هاوپەیمانییە هەمیشەییە؟ ئایا سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕە؟ شەڕێک کە جیهان و ئابووری ئەمریکا لە قاڵب دەداتەوە و ژیانی سەرتاسەری هەسارەکە دەخاتە مەترسییەوە”.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیێڤ ڕێگری لە کارلسۆن کرد چاوپێکەوتن لەگەڵ زێلێنسکی بکات
تاکەر کارلسۆن بە ئاماژەدان بە پلانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤلۆدێمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا وتی: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیێڤ ڕێگری لە زێلێنسکی کرد چاوپێکەوتنم لەگەڵ بکات.

هەر لەو پێوەندییەدا دەشڵێت: زیاتر لە ساڵێکە هەوڵی چاوپێکەوتن لەگەڵ زێلێنسکی دەدەین. لەم بارەیەوە لەگەڵ کەسانی جۆراوجۆر ڕاوێژمان کردووە، بەڵام هەموو هەوڵەکانمان لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە پووچەڵ کراوەتەوە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیێڤ بە زێلێنسکی ووت کە نابێت چاوپێکەوتنم لەگەڵ بکات! بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە کە زێلێنسکی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەفزیۆنی هەواڵی سی ئێن ئێن ئەنجامداوە.


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە