جێبەجێکردنی ئەم یاسایە تاوانی لە ھەرێمی کوردستان کەم کردووەتەوە
پەیامی کورد ... جێبەجێکردنی ئەم یاسایە تاوانی لە ھەرێمی کوردستان کەم کردووەتەوە
ووتەبێژی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یاسای چەکی ساڵی ٢٠٢٢ جێبەجێ کرا، کاریگەری زۆری لەسەر ڕێژەی کوشتن ھەبوو، چوونکە ئێستا خەڵک دەزانێت ھەڵگرتن و بەکارھێنانی چەک سزاکەی زۆر قورسە و لە ساڵێک بۆ دوو ساڵ زیندانی دەکرێت و سزای ماددیش دەدرێت، کە لە دوو ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دینارە.
مۆقەدەم کارزان غەفووری، ڕایگەیاند : جێبەجێکردنی یاسای چەکی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، کاریگەری زۆری ھەبوو نەک تەنیا لەسەر حاڵەتەکانی کوشتن، بگرە تەقەکردن و ھەڕەشەکردن و سکاڵاش ھەر ھەیە، بەڵام خەڵک کە بەشەڕ دێت، ئەگەر چەکی پێبێت دەبێتە حاڵەتی کوشتن و ئەگەر بە دەستیش بێت، ئەوکات زیانی زۆری نابێت و لە ڕێگەی یاساوە گرفتەکە چارەسەر دەکرێت، بۆیە جێبەجێکردنی یاسای چەک، کاریگەری زۆری لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی کوشتن و ھەڕەشەکردن ھەبووە.
غەفووری ووتیشی : ئێستا ڕێژەی کوشتن بەراورد بە ڕابردوو کەمی کردووە و لە کۆتایی ساڵدا ئامارێکیش ڕادەگەێنین، بۆیە ئەوەی چەکی بێ مووڵەتی پێ بێت، بەپێی یاسای چەکی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کە سزاکەشی ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانییە و ھەروەھا سزای ماددیش دوو ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دینارە، کە ئەو یاسایەش بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ھەرێمی کوردستان بێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێت.
ووتەبێژی پۆلیسی ھەرێم ڕوونیشی کردەوە: لە ئێستادا بە ھەمان شێوەی ڕابردوو یاسای چەک جێبەجێ دەکرێت لە ڕێگەی دەرکردنی مەفرەزە و ئەوانەی ھەواڵمان پێدەدەن، ھەروەھا مەفرەزەی ھاوبەشیش بڵاوەیان پێدەکرێت و بازگە دادەندرێت و لە دەزگا حکوومییەکان پشکنین دەکرێت، ئەوەی چەکی پێبێت ئەگەر مۆڵەتی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگرن و تۆمەتبارەکەش دەدرێتە دادگا.
ناوبراو جەختیش دەکاتەوە: ئەوەی چەکی ھەبێت و بێ مووڵەت بێت، چەکی بچووک ڕادەستی ئێمە دەکرێت و ھی قورسیش ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت، کە تا ئێستا زیاتر لە ١٧ ھەزار پارچە چەک لای ئێمە تۆمار کراون و فۆڕمیان ھەیە و ھەر تاوانێک بکرێت و چەکەکە دەستی بەسەردا بگیرێت، دەزانین بە ناوی کێ و لە ڕێگەی کێوە تاوانەکەی پێ ئەنجام دراوە، بۆیە لەسەر ناوی کێ بێت، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، چوونکە پێشتر کەسێک چەکی لە ھاوڕێی خۆی وەردەگرت و دەچوو تاوانی پێ ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا بەھۆی تۆمارکردن ئەوە زۆر کەم بووەتەوە، چوونکە دەزانن گرفتیان بۆ درووست دەبێت و خاوەنی چەک تۆمەتبار دەبێت، بۆیە ئێستا ئەوە نەماوە و وەکو ئۆتۆمبێلی لێ ھاتووە و کەس چەکی خۆی بە کەسی دیکە نادات و ئەوەی تۆماریش نەکرابێت، سزاکەی زۆر لەوە قورسترە کە تۆمار کرابێت، بۆیە جێبەجێکردنی یاسای چەک، ڕێژەی تاوانی زۆر کەم کردووەتەوە.
ئەم بابەتە 102 جار خوێندراوەتەوە