جێگری سەرۆکی هەرێم پێشوازی لە سەرۆککۆماری عێراق کرد

پەیامی کورد   ...   جێگری سەرۆکی هەرێم پێشوازی لە سەرۆککۆماری عێراق کرد

یەکشەممە 2025/3/23 شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەبدۆللەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، کرد.

لە دیدارێکدا، باس لە دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عيراق و کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی، کران.

سەبارەت بە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت کێشەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکگەییشتن و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، لەپێناو سەقامگیربوونی دۆخی ئاشتی و ئاسایش و فەراهەم کردنی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی.

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا و ناوچەکە و پێویستی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ووڵاتانی دەورووبەر، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.


ئەم بابەتە 47 جار خوێندراوەتەوە