جێگری پارێزگاری ھەولێر : زیاتر لە ١٢١ میلیار دیناری تر بۆ خزمەتگوزاری خەرج دەکرێت

پەیامی کورد   ...   جێگری پارێزگاری ھەولێر : زیاتر لە ١٢١ میلیار دیناری تر بۆ خزمەتگوزاری خەرج دەکرێت

جێگری پارێزگاری ھەولێر ووتی : حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆری پارێزگای ھەولێری کردووە، ئێستا چەندین پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژی لە جێبەجێکردن دان، ١٢١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆنی دیکەشی بۆ تەرخان کردووین کە لە ماوەیەکی نزیکدا خەرج دەکرێت و پڕۆژەی جۆراوجۆری بۆ ھەولێر و دەورووبەری پێ ئەنجام دەدرێت.

مەسعوود محەممەد، جێگری پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە : ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٢١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ ئێمە تەرخان کردووە، ئێمەش لەگەڵ قەزا و سەرۆک یەکە ئیدارییەکان کۆبووینەوە و پڕۆژەکانی خۆیان پێشکەش کردووە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بوودجەکە خەرج بکرێت، چوونکە ئەمە تەنیا بۆ ناو ھەولێر نییە، بۆ دەوروبەری ھەولێریشە، ئەو پارەیە لەو پڕۆژانە خەرج دەکرێت ڕاستەوخۆ سوودی بۆ ھاووڵاتییان ھەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت وەزارەتی پلاندانان بوودجەمان بۆ خەرج بکات و دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەکان بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: ھەندێک پڕۆژەی بەردەوامیشمان ھەیە و داواکاری زۆری خەڵکی لەسەرە، ھەندێکیش دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانە ڕێگای خەبات، سبەی دەست بە نۆژەنکردنەوەی دەکرێت، قەیسەری ھەولێریش، کاسبکاران بێبەش کران لە کەسابەتی خۆیان سووتێندرا ، سەرۆکی حکوومەت  نزیکەی ٥ ملیار دیناری بۆ تەرخانکردووە و ئێستا نۆژەن دەکرێتەوە و قۆناغی باشی بڕیوە، پرۆژەی ئاوی ئیفرازیش چاکسازی تێدا کراوە تا ئاوی بگەڕێتەوە ئاستی پێشوو و کێشەی کەم ئاوی زۆربەی ناوچەکان چارە بکرێت، پڕۆژەی بانکی نێودەوڵەتی بە گوێرەی ڕێککەوتنێک تەنیا بۆ گوندەکانە، ١٥ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، زۆرینەی پڕۆژەکان لە بواری جێبەجێکردن دان، بەشێکیش بەم زووانە جێبەجێ دەکرێن، وەکوو پڕۆژەی ئاو، کارەبا، قوتابخانە و تەندرووستی.

جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: چەند بەندئاوێکمان ھەیە، لەوانە پۆندێکی گەورە لە سەرەوەی بنەسڵاوە درووست دەکرێت، توانای گلدانەوەی ٣ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە و کاریگەری زۆری دەبێت بۆ ئاستی ئاوی ژێر زەوی و کەش وھەوای ھەولێر، چەند پۆندێکی دیکەشمان ھەن لە بەرزاییەکانی تارین و ھەولێر دروست دەکرێن، لەگەڵ پڕۆژەی بەستۆڕەش، پڕۆژەکان بۆ ھاووڵاتیان گرینگن، سەرۆکی حکوومەت خۆی گرینگی بە پارێزگا ھەولێر دەدات، بۆیە ئەوەی داوامان کردووە ڕەزامەندی لەسەر دراوە.

دەشڵێت: جگە لەوە لە ھەولێر و قەزاکان گرینگی زۆر بە ناوچە ھەژارنشینەکان دراوە، ئەو ناوچانەی کەمتر خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە، وەکوو دارەتوو، خەبات، بنەسلاوە، ھەریر، باتاس و شەقلاوە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەیان بۆ ئەنجام دەدرێت.


ئەم بابەتە 11612 جار خوێندراوەتەوە