جێگری پارێزگاری ھەولێر : لەسەر بوودجەی خۆمان پشکمان بۆ خزمەتکردنی مەخموور داناوە
پەیامی کورد ... جێگری پارێزگاری ھەولێر : لەسەر بوودجەی خۆمان پشکمان بۆ خزمەتکردنی مەخموور داناوە
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە خزمەتکردنی مەخموور دەدات، لەو چوارچێوەیەدا لە بوودجەی ساڵانەی پارێزگای ھەولێر بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی مەخموور بوودجەیان بۆ دابین دەکات و دەستەی وەبەرھێنانیش بڕیارە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لەو سنوورە ئەنجام بدات.
مەسعوود محەممەد، جێگری پارێزگاری ھەولێر،ووتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی بە قەزای مەخموور دەدات کە ئەم قەزایە سەر بە پارێزگای ھەولێرە وەکوو قەزایەکانی دیکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ساڵانە لە بوودجەی خۆمان پارەی بۆ تەرخان دەکرێت، ھاوکات بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بۆ ئەو قەزایە پشکی بوودجە دادەندرێت و ئەو داواکاریانەی لەو قەزایە بۆ ئێمە بەرزدەکرێنەوە بۆ خزمەتگوزاری بۆیان جێبەجێ دەکەین و پار ساڵیش پشکی ئێمە لە پارێزگای ھەولێر ١٣٠ ملیار دینار بوو، بەپێی ژمارەی دانیشتووانیش پشکی ئەوانیشمان دا بۆ ئەمساڵیش ١٢١ ملیارمان بۆ دیاریکراوە پشکمان بۆ دیاریکردوون بەپێی پلانی ئەوان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە.
مەسعوود محەممەد گوتیشی: ئەمە سەرەڕای ئەوەی داواکاری لە ناکاویان دەبێت بۆیان جێبەجێ دەکرێت وەکو نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەی یاریگا و گەیاندنی خزمەتگوزاری و، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی خدر جیجە و دروستکردن و قیرتاوکردنی ڕێگای گوندی خدر جیجە کە زیاتر لە دوو ملیار دیناربوو ئەمانە ھەمووی لە پشکی بوودجەی ھەولێر ئەنجامدراون، بۆیە قەت وەکو قەزایەکی دەرەوەی ئیدارەی ھەولێر حیسابمان بۆ نەکردووە و ھەمیشە بە قەزایەک لە قەزاکانی ھەولێر بۆ خزمەتکردن ھەژمارکراوە.
لای خۆشیەوە دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: وەکو گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە قەزای مەخموور بڕیارە لەسەر ڕێگای مەخموور پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی وەکو کارگەی گەورەی چیمەنتۆی سپی و جسم بۆرد و پیشەسازی قورس و دروستکردنی کۆگا و ناوچەی تایبەت بەگۆڕینەوەی بازرگانی دروست بکرێن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی باس لەوەش دەکات: تەنیا پڕۆژەی پیشەسازی قورس بڕیارە لەسەر چوار ھەزار دۆنم زەوی دروست بکرێت، بۆیە بۆ دەستپێکردن بەو پڕۆژانە چاوەڕێ دەکرێت زەوی بۆ تەرخان بکرێت، بۆیە ئێستا لە پڕۆسەی کارکردن و ئامادەکردنین بۆ ئەو پڕۆژانە.
لە ڕووی جوگرافییەوە مەڵبەندی قەزای مەخموور بەدووری (٦٥)کم دەکەوێتە خۆرئاوای پارێزگای ھەولێر، لە باکوورییەوە قەزای دەشتی ھەولێر و خەباتە و لە باشوورییەوە ڕووباری دیجلەیە، خۆرھەڵاتی زێی بچووکە و خۆرئاوای زێی گەورەیە.
دووری لە ناحیەی گوێر (٥٣)کیلۆمەترە، لە ناحیەی قراج (١٤)کم، لە ناحیەی دیبەگە (٣٠)کم، لە ناحیەی ملاقەرە (٢٨)کم، لە ناحیەی قیارە (٢٨)کم لەلای ڕۆژئاوای شرقات (٦٠)کم دوورە، لەلای ڕۆژھەڵاتیش قەزای مەخموور ناحیەیی سەرگەڕان ھەیەو بە دووری (٥٥)کم، لەگەڵ پارێزگاکانی (مووسل - کەرکووک - تکریت) ھاوسنوورە.
چیای بلباس (قەرەچووغ) دەکەوێتە ناوەڕاستی قەزاکە و زورگەزراویش دەکەوێتە لای خۆرھەڵاتی باکووری قەزای مەخموور، ھاوکات خاکێکی بە پڕشت و پیتی ھەیە لە ڕووی کشتوکاڵیەوە بەتایبەت بۆ (گەنم و جۆ) کە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بە پلەی یەکەم دێت، ھەر بۆیە یەکەم و دووەم گەورەترین سایلۆ لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە مەخموور دروستکراوە.
ئەم بابەتە 17103 جار خوێندراوەتەوە