جێگری پارێزگار : حکوومەت ھاوکاری دیکەی بۆ بازاڕی لەنگە ڕاگەیاند
پەیامی کورد ... جێگری پارێزگار : حکوومەت ھاوکاری دیکەی بۆ بازاڕی لەنگە ڕاگەیاند
جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لەسەر بوودجەی پارێزگای ھەولێر ئاو و کارەبا و سەقفی بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر نۆژەن دەکرێتەوە، دەشڵێ: لەرێگەی بەڵێندەرەوە پڕۆژەکە لەژێر جێ بەجێکردنە.
مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند : دوای ڕووداوی سووتانی بەشێک لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر، لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان پارێزگا و شارەوانی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و ئاکارەبا پێکهات و دەرخستەیان بۆ زیانەکانی پڕۆژەکە کرد، دواتر پارەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگە خەرج کرا و لە ڕێگەی بەڵێندەرەوە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.
جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەک پارێزگا چاکردنەوەی ئاو و کارەبا و جەمەلۆنی بازاڕەکەیە لەڕێگەی بەڵێندەرەوە، وەکوو حکوومەت ھەموویمان لە ئەستۆ گرتووە ئێستا لە قۆناغی کۆتایینە، ئەوەی زیانی بەرکەتووە ھەمووی نوژەن دەکرێتەوە.
مەسعوود کاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەوەی لە توانای ئێمەدابێت وەک دیوانی پارێزگای ھەولێر درێغی ناکەین، ڕۆژانە تیمەکانی فەرمانگەکانی حکوومەت خەریکی چاککردنەوەی خزمەتگوزاری دووکانە سووتاوەکانی بازاڕی لەنگەی ھەولێرن، لە ئایندەیەکی نزیکدا نوژەنکردنەوەی سیستەمی ئاو و کارەبا و سەقفی بازاڕەکە بە تەواوەتی کۆتایی دێت.
ئەم بابەتە 10155 جار خوێندراوەتەوە