جەزائیر ناردنی یەکەم باری سووتەمەنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای لوبنان ڕاگەیاند

پەیامی کورد   ...   جەزائیر ناردنی یەکەم باری سووتەمەنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای لوبنان ڕاگەیاند


سەرۆکی جەزائیر ڕایگەیاند، ئامادەیە سووتەمەنی هەناردەی لوبنان بکات بۆ سنووردارکردنی قەیرانی وزە.
ڕێکخراوی سەرۆکوەزیرانی لوبنان ڕایگەیاند کە نەجیب میکاتی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی کاتی لوبنان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا جەزائیرییەکەی ئاگادارکرایەوە کە سەرۆکی ئەم ووڵاتە عەبدولمەجید تابوون ئامادەیە دەست بەجێ نەوت هەناردەی لوبنان بکات و بۆ ئەوەی ووڵاتەکە بتوانێت قەیرانی وزە سنووردار بکات.
ڕادیۆی جەزائیر ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە جەزائیر دەست بەجێ سووتەمەنی بۆ لوبنان دابین دەکات بۆ دەستپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و گەڕاندنەوەی کارەبا بۆ ووڵاتەکەی.
پێشتر کۆمپانیای کارەبای لوبنانی ڕایگەیاندبوو، بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی لە وێستگەکانی کارەبادا، کارەبا لە سەرتاسەری وڵاتدا پچڕاوە، لەوانەش شوێن و دامەزراوە گرنگەکانی وەک فڕۆکەخانە و بەندەر و زیندانەکان.
فادی ئەلحەسەن، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی شارستانی لە فڕۆکەخانەی بەیروت، لە یەکەم سەرنجی خۆیدا سەبارەت بە قەیرانەکە جەختی لەوە کردەوە: لە ئێستادا فڕۆکەخانەکە کارەبا لە مۆلیدەکانەوە دابین دەکات و هیوادارین ئەم قەیرانە زۆر نەخایەنێت.
پێشتر تەنها 2 وێستگەی کارەبا، دێر عەممار و ئەلزەهرانی، لە لوبنان چالاک بوون و 70%ی کارەبای ووڵاتەکەیان دابین دەکرد، هەردوو وێستگەی کارەبا بە گازوایل کاریان دەکرد.
لە زۆرێک لە ناوچەکانی لوبنان، بە بەشێک لە پایتەختیشەوە، کارەبای دابینکراوی حکوومەت تەنها بۆ دوو بۆ سێ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا سنووردار بوو، هاوڵاتییان بۆ ماوەی ٢٢ کاتژمێری دیکە پشتیان بە خزمەتگوزارییە بەدیلەکان و مۆلیدەی ماڵەوە بەستبوو.


ئەم بابەتە 10264 جار خوێندراوەتەوە